کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کادرسازیی ڕیژیم بۆ گوشاری زیاتر خستنەسەر ژنان و کچانی ئێران لە شەقامەکاندا

16:09 - 16 گەلاوێژ 2724

ڕۆژنامەی "شەرق"ی ڕێژیم باسی لە بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی "تووبا" وەک تەواوکەری گەڵاڵەی نوور کە پێشتر لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا بەڕێوە چوو کردووە و ڕایگەیاندووە کە گەڵاڵەی تووبا لە سێ قۆناغدا و بەمەبەستی دروستکردنی کادری بەئەزموون بۆ بانگەشەی "حیجاب" و "ئەمری بە مەعرووف" بەڕیوە دەچێت.

ئەم گەڵاڵە کە لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لەلایەن وەزارەتی "فەرهەنگ و ئێرشادی ئیسلامی"ـیەوە پەسەند کرا و دواتر بە هەموو ئیداراتی فەرهەنگ و ئێرشادی پارێزگاکان ڕاگەیەندرا، لە بانەمەڕی ئەمساڵدا چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی وەک یەکەم پارێزگا بۆ بەڕێوەبردنی ئەم گەڵاڵە دیاری کراوە.

لەم پێوەندییەدا محەممەد حوسێنزادە بەڕێوبەری ئێرشادی خوراسانی ڕەزەوی لە وتووێژکدا بە شەرقی ڕایگەیاندووە "ئامانج لەم گەڵاڵە پەرەدان بە کولتووری ئێرانی ئیسلامییە".

حوسێنزادە سەبارەت بە ڕێگەدان بەو کەسانەی کە لە چوارچێوەی ئەم گەڵاڵەدا بەڵگەیان پێ ئەدرێت بۆ بەشداریکردن لە گەڵاڵەی نوور وەک حیجاب بان وتوویەتی کە ئاگاداری ئەو بابەتە نییە بەڵام شەرق لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە ئەم کادرسازییانە بەمەبەستی بەڕێوەبردنی ئەمری بە مەعرووفە چونکە ئامانجی ئەم گەڵاڵە ئەوەیە کە ١٥٠٠ کادر بۆ بانگەشە و پەرەدان بە کولتووری حیجاب پەروەردە بکرێت.

شەرق لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا و لەژێر ناوی "موجاهێدانی فاتمی" باسی لەوە کردووە کە گرینگترین بەشی ڕێکخراوی خەیبەر، بەشی "موجاهێدانی فاتمی"ـیە کە بەمەبەستی بەڕێوەبردنی گەڵاڵە پێوەندیدارەکان بە حیجابەوە دەبن بە کادری بەئەزموون.

ماڵپەڕی ڕێکخراوی فەرهەنگی هونەری کاربۆردیی خەیبەر بەڕێوبەری سەرەکیی گەڵاڵەی تووبایە.

نەعیمە ئیسلاملوو بەڕێوبەری ئەم ڕێکخراوە ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی گەلاوێژ دەسپێکی ناونووسیی لە گەڵاڵەی تووبا ڕاگەیاندبوو و باسی لەوە کردبوو کە پاش ٦٠ کاتژمێر وانەوتنەوە، بەڵگەی متمانەپێکراو دەدرێتە خوازیاران.

 

 

گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر ژنان بەتایبەتی پاش بزووتنەوەی ژینا چڕتر بووەتەوە و بە بەڕێوبردنی گەڵاڵە جۆراوجۆرەکان لەم پێوەندییەدا ئازاردانی ژنانی لە شەقام و شوێنە گشتییەکان زیاتر کردووە.