کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی ژینگە لای کۆماری ئیسلامی پرسێکی ئەمنییەتییە

16:16 - 16 گەلاوێژ 2724

چالاکێکی مافی مرۆڤ سەبارەت بە پرسی ئاگرکەوتنەوەکان لە کوردستان، وێڕای ئاماژە بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم لەمبارەوە باسی لەوە کرد کە پرسی ژینگە لەلایەن ڕێژیمەوە وەک پرسێکی ئەمنییەتی چاوی لێ دەکرێت و سەبارەت بە هەوڵی کەسانی خۆبەخش لە کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا ڕایگەیاند: ئەمە بەشێک لە خۆشەویستیی نیشتمانە.

پرسی ئاگرکەوتنەوەکان لە کوردستان پرسێکی گرینگ و جێی بایەخە؛ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٥٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی سەلاسی باوەجانی لە ئاگردا سووتان، هاوکات لەگەڵ ئەمەش ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان رایگەیاند کە لە ماوەی ٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١١٢ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە مەریوان و سەوڵاوا ڕوویان داوە.

کەیوان سەمەدی، چالاکی مافی مرۆڤ لەمبارەوە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردکاناڵ، باسی لەوە کرد کە چەندین هۆکار لەوانە، تۆپبارانی ناوچە شاخاوی و دارستانەکان لەلایەن سپای پاسدارانەوە و هەروەها کەمتەرخەمییەکان لە پێوەندی لەگەڵ بەجێهێشتنی زبڵ وەکوو شیشە کە زۆرجار وەکوو زەڕەبین کار دەکەن لە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەکان لە کوردستانن.

 بە وتەی سەمەدی، ساڵانە ڕێژەی ئاگرکەوتنەوەکان لە کوردستان زیاد دەکات و جیا لە سووتانی ڕووبەرێکی زۆر لە دارستانەکان، هەم ڕێژەی لافاوەکان زۆرتر دەبێتەوە و هەم ژمارەیەکی بەرچاو لە ئاژەڵەکان لەنێو دەچن. لەلایەکی دیکەشەوە، خاكی ئەو ڕووبەرەی کە لە ئاگردا سووتاوە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ بە کەڵک نایەت و هیچ شتێکی لێ شین نابێت.

ئەم چالاکە مافی مرۆییە لەم وتووێژەدا باسی لە کەمتەرخەمیی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم و نەبوونی ئێمکاناتی پێویست بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان لەلایەن کەسانی خۆبەخشەوە کرد و ڕایگەیاند کە ئاگرکوژاندنەوەی خۆبەخش ڕێکار نییە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە پرسی ژینگە لای کۆماری ئیسلامی پرسێکی ئەمنییەتییە و کۆماری ئیسلامی ژینگە وەک پەناگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەبینێ، هەر بۆیە ژینگەپارێزانیش وەک هاوکاری حیزبەکان و دوژمنی خۆی چاو لێ دەکات و هەوڵی دەسبەسەرکردن و سەپاندنی سزای قورس بەسەریاندا ئەدات.

سەمەدی لە درێژەدا سەبارەت بە هەوڵی کەسانی خۆبەخش لە کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا ڕایگەیاند: ئەمە بەشێک لە خۆشەویستیی نیشتمانە، ناتوانین نیشتمانمان خۆش نەوێ و سووتانی دارستانەکان ببینین و هەڵوێستمان نەبێ.

ناوبراو لە درێژەدا سەبارەت بە ڕێکاری کوژاندنەوەی ئاگرەکان وتی: گرینگتر لە کوژاندنەوەی ئاگر، پێشگرتن لە پەرەسەندنی ئاگرەکەیە. کاتێ دارستانێک ئەسووتێ ناتوانین بە ئیمکاناتێکی کەمەوە بیکوژێنیەوە، یەکێک لە ڕێگاکان هەڵقەندنی زەوی بە مەودای ٢ مەتر لە ئاگرەکەیە، کە پێش بە پەرەسەندنی زیاتر بگرێت.

پرسی ئەگرکەوتنەکان لە ساڵانی ڕابردوودا، هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ژینگەی کوردستان بووە و لەمبارەوە سەرەڕای کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم، خەڵک بە شێوەی خۆبەخشانە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکانیان داوە.