کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە درێژەی سەرکوتی کەمینەکان ئێران

16:19 - 16 گەلاوێژ 2724

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاندووە کە لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ـەوە، چەوساندنەوەی کەمینە نەتەوەییەکان لە ئێران بەردەوام بووە و هێشتا کۆماری ئیسلامی لە وڵامدانەوە خۆی دەبوێرێت.

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان باس لەوە دەکات کە کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان لە ئێران و بەتایبەت کورد و بەلووچ، بە شێوەیەکی ناڕێژەیی خراونەتە ژێر کاریگەریی سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم دژی خۆپیشاندەران، کە ئەمەش دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی هەڵاواردنی درێژخایەنە و دەبێ بەپەلە کۆتایی پێ بێت.

لەو ڕاپۆرتەدا پێشێلکاریی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەرامبەر بە ئەندامانی کەمینەکان خراوەتەڕوو، لەوانە کوشتنی نایاسایی، لەسێدارەدانی نایاسایی، بەکارهێنانی ناپێویستی توندوتیژی، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیی سێکسی، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئازاری سێکسی کە زۆرێک لەو کارانە تاوانی دژی مرۆڤایەتین.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە منداڵانی سەر بە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکاندا تووشی توندوتیژییەکی لەڕادەبەردەر لەوانە کوشتن و کەمئەندامبوون، دەسبەسەرکردن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، هەروەها ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسی بوونە کە ئاسەوارێکی هەمیشەیی لەسەریان دانەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان زۆرترین ڕێژەی بەشدارییان لە بزووتنەوەی ژینادا هەبووە، و زۆرترین ژمارەی کوژراو و برینداربوون لەم بزووتنەوەیەدا هەبووە و دەسبەسەرکراونیش لە دادگا نادادپەروەکاندا تۆمەتی هەڕەشە و تێکدانی ئەمنییەتی میللیان خراوەتە پاڵ.

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان زیادی کرد: زیادبوونی بەرچاوی لەسێدارەدانەکان  بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە دانیشتووانی کەمینەن بینراوە  و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر چەند ژنێک لە کەمینە نەتەوەییەکان لە چەند حەوتووی ڕابردوودا کاریگەریی نەرێنیی لەسەر چالاکییەکانی مافی کەمینەکان زیاد کردووە.

ئەم کۆمیتەتە خوازیاری لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئاستی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی قوربانیان بە تایبەت ژنان و منداڵانی کەمایەتییەکانی نەتەوەیی و مەزهەبی لە ئێران بووە.

شایانی باسە لە ماوەی بزووتنەوەی سەرتاسەری ژینادا، کوردستان بە ١٣٩ شەهید و بەلووچستان بە ١٣٦ شەهید و هەروەها هەزاران بریندار و دەسبەسەرکراو لەم ماوەیەدا بەرزترین ئاستی سەرکوتکردنیان لە ئێراندا بەخۆوە بینیوە.