کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی مەترسیی ڕوودانی ململانێیەکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

16:24 - 16 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی گەلاوێژ، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، فوڵکر تورک، لە پەیامێکدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ سەبارەت بە زیادبوونی مەترسیی ململانێیەکی بەرفراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، داوای لە هەموو ئەو لایەن و وڵاتانەی کە کاریگەرییان هەیە کرد کە دەستبەجێ بۆ کەمکردنەوەی ئەو گرژییانە هەنگاو بنێن و وتی کە لە ئێستادا دۆخەکە بووەتە دۆخێکی زۆر مەترسیدار .

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا خەڵکی مەدەنی بە شێوەیەکی سەرەکیی ژنان و منداڵان لە ئەنجامی ململانێکان تووشی ئازاری قورس بوون، وتی: مافی مرۆڤ و بە پلەی یەکەم پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی پێویستە لە پێشینەی کارەکاندا بێت و بە وتەی فوڵکر تورک، دەبێت هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی دۆخەکە زیاتر لەوە قووڵ نەبێتە و کۆتاییەکەی تەنها لێکەوتەی مەترسیدار بۆ هاووڵاتییانی مەدەنی بێت.

گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل دوای کوژرانی فواد شوکر فەرماندەی باڵای سەربازیی ئەو گرووپە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت و هەروەها کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، ڕێبەری سیاسیی گرووپی حەماس، ڕۆژێک دواتر لە تاران لە ئیستادا دۆخەکەی مەترسیدار کردووە و ئێران پەیتا پەیتا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە و هێرشی قورس دەکات.

حەماس و کۆماری ئیسلامی سوورن لەسەر تۆڵە کردنەوەی کوشتنی هەنییە و هەروەها حیزبوڵڵاش جەختی لە وڵامدانەوەی کوشتنی فواد شوکر کردووەتەوە.