کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی ئەمریکا بۆ بەدواداچوون بۆ کردەوەکانی گرووپە نیابەتییەکان

12:39 - 11 گەلاوێژ 2724

شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجام دا و باسی لە هێرشەکانی ئەم حەفتەیە کرد، کە بووەتە هۆی کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای حیزبوڵڵا لە لوبنان و ئیسماعیل هەنییە بەرپرسی نووسینگەی سیاسی حەماس لە تاران.

ئەو دوو هێرشە دوای ئەوە ئەنجام دراوە کە حیزبوڵڵای لوبنان بە مووشەک هێرشی کردبووە سەر گۆڕەپانێکی فووتباڵی منداڵان لە مەجدەل شەمس لە باکووری ئیسرائیل و ١٢ منداڵ لە ئاکامی ئەو هێرشەدا کوژران، بەڵام حیزبوڵڵا ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرت و ڕەتی کردەوە.

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە فەرمی کوژرانی فەرماندەیەکی گرینگی حیزبوڵڵا بە ناوی "فواد شوکر" لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیلی پشتڕاست کردەوە، بەڵام ناوی ئیسماعیل هەنییەی نەهێنا کە لە تاران و چەند کاتژمێرێک دوای دیدار لەگەڵ عەلی خامنەیی کوژرا.

نێتانیاهوو لە وتارەکەیدا کە ڕاستەوخۆ بڵاو دەکرایەوە وتی: فواد شوکر لە کۆمەڵکوژیی منداڵان لە مەجدەل شەمسی ئیسرائیل بەرپرس بووە.

لەم پێوەندییەدا ڕابێرت وود، بە نوێنەرایەتیی ئامریکا لە شۆرای ئەمنییەت ڕاگەیەندراوێکی پێشکەش کرد، وتی: بە هیچ شێوەیەک گومانی تێدا نییە کە حیزبوڵڵا بەرپرسیار بووە لەو هێرشە و لە چەکی ئێرانی کەڵکی وەرگرتووە و  هێرشەکە لە بەشێکی لوبنانەوە ئەنجام دراوە کە لەژێر کۆنترۆڵی حیزبوڵڵادایە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە ئێران تەنیا پاڵپشتی حیزبوڵڵای لوبنان نییە بەڵکوو، کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە حوسییەکانی یەمەنیش دەکات کە چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکان و بە هەمان شێوە چەکیان داوەتە گرووپە تێرۆریستییەکانی سووریە و لوبنان و عێراق و ئەم کردەوانەی ڕێژیمی ئێران ناسەقامگیرکەرن و پێچەوانەی هەوڵەکانی شۆرای ئەمنییەتە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەدا.

هەروەها ڕابێرت وود لە ڕاگەیەندراوەکەیدا وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ پابەندی بڕیارەکانی شۆرا بێت و لە ئەگەری پێشێلکاریدا، شۆرای ئەمنییەت پێویستە ڕێوشوێنی زیاتر لەبەرچاو بگرێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەکانی بۆ لێپرسینەوە لە ڕێژیمی ئێران.

هەروەها ناوبراو لە کۆتاییدا باسی کە کوژرانی ئیسماعیل هەنییەش کرد و ڕایگەیاند  کە ئەمریکا هیچ زانیاری و پێوەندییەکی لەو بارەیەوە نییە و ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی سەربەخۆشمان سەبارەت بەو ئیدیعایەی حەماس کە باس لەوە دەکات کوژراوە، نییە.