کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگاداریی ناوەندی ئەمنییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

10:36 - 17 گەلاوێژ 2724

ناوەندی ئەمنییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە پیلانگێڕییەکانی ڕێژیم و زۆرکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی تێکۆشەران، ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئاگادارییەکە بەم چەشنە:

بۆ خەڵکی کوردستان

خەڵکی کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە کوردستان ئاگادار دەکەینەوە، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە درێژەی پیلانگێڕی و گوشار بۆ سەر تێکۆشەران و بنەماڵەکانیان، ماوەیەکە دەستیان بە جێبەجێکردنی چەند پیلانی نوێ کردووە کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێ دەکەین:

ـ بانگکردنی بنەماڵە و کەسوکاری پێشمەرگە و ئەندامان بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان.

ـ داوای هاوکاریی ئەمنییەتی لە بنەماڵەی تێکۆشەران.

ـ  پێشنیاری هاوکاریی ماددی، دڵساردکردنەوە و هەڕەشە لە تێکۆشەران و بنەماڵەکانیان.

ـ  دروستکردنی شەڕی ڕەوانی – ئەمنییەتی بۆ تێکۆشەران و بنەماڵەکانیان.

ـ کەڵکوەرگرتن لە تلفۆن و هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بنەماڵەکان بۆ پێوەندیگرتن بە تێکۆشەرانی دێموکرات.

پێویستە ئاماژە بەم خاڵە گرینگە بکەین لەم پێوندییەدا، ڕێژیم زۆر جار پەنای بۆ دۆست و خزمی ئەم بنەماڵانەش بۆ هاوکاریکردن بردووە.

ناوەندی ئەمنییەتی حیزبی دێموکرات، لەسەر ئەم باوەڕەیە ئەنجامی زیاتر لە چوار دەیە سیاسەتی سەرکوت و تێرۆری دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی، لە مەیدان‌دابوونی زیاتری خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان و بەهێزبوونی بزووتنەوەی میللی – دێموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کورستانە. هاوکات داوا لە هەموو خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان و بنەماڵەی تێکۆشەرانی دێموکرات دەکا:

ـ هەروەک ڕابردوو بە وشیارییەوە ئاگاداری پیلانەکانی ڕێژیم بن و ڕێگە نەدەن بکەونە نێو داوی تۆڕی سیخوڕیی ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە.

ـ ڕێگە نەدەن ناوەندە ئەمنییەتیەکانی ڕێژیم کەڵک لە خۆیان و ئامێرەکانی پێوەندییان بۆ پێوەندیکردن بە تێکۆشەرانی دێموکراتەوە بگرن.

ـ  ئۆرگانە پێوەندییدارەکانی حیزبی دێموکرات و بەتایبەت بەشی سایبەریی حیزب لە پیلانەکانی ڕێژیم ئاگادار بکەنەوە .