کۆڕی گشتیی چالاکانی مەدەنیی یارسان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی ڕایگەیاندووە، تەرمی ناوبراو بە بێ ئیزنی بنەماڵەکەی لە گۆڕستانێکدا بە دوور لە زێدی خۆی و بە بێ بەڕێوەچوونی "ئایینی یاری" بە خاک سپێرداوە.
دەقی تەواوی بەیاننامەکەی کۆڕی گشتیی چالاکانی مەدەنیی یارسان؛
غوڵامڕەزا ڕەسایی لاوی بێتاوانی یارسان لە سێدارە درا.
ئەوەڵ و ئاخر یار
بەداخەوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشاندا، غوڵامڕەزا ڕەسایی لاوی یارسانی خەڵكی شاری سەحنە لە سێدارە درا و تەرمەکەی بە بێ ئیزنی بنەماڵەی لە گۆڕستانێکی کرماشاندا و بە دوور لە زێدی خۆی لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە بە خاک سپێردرا و تەنانەت ئیزن بە بنەماڵەکەی نەدرا کە ڕێوڕەسمەکە بەپێی "ئایینی یاری" بەڕێوە ببەن.
کۆڕی گشتیی چالاکانی مەدەنیی یارسان لەسێدارەدانی نادادپەروەرانەی ڕەزای مەحکووم کردووە و سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی دڵ بریندار و خەڵکی ستەملێکراو و بێپەنای یارسان و هەموو ئازادیخوازان کردووە و کردەوەی لەم چەشنەی دژی دادپەروەری و عەقڵانییەت ڕاگەیاندووە.
کۆڕی گشتیی چالاکانی مەدەنیی یارسان
١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣