کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە گەرمەی پەرەگرتنی گرژییەکان، ئامریکا فڕۆکەی شەڕکەری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد

10:44 - 17 گەلاوێژ 2724

هاوکات لەگەڵ مەترسیی پەرەگرتنی قەیرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕۆژنامەی ''ئاسۆشەیتێدپرێس'' ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژ، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە نزیکەی ١٢ فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ١٨ لە ناوگانی فڕۆکەهەڵگری تێئۆدۆر ڕۆزڤێڵتەوە هەڵفڕین و لە بنکەیەکی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جیگیر بوون.

ئاسۆشەیتێدپرێس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە ئەم هەواڵەی بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: ''ئەم کارە بەشێکە لە هەوڵەکانی پێنتاگۆن بۆ یارمەتیدانی بەرگریکردن لە ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەگەری هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە میلیشیاکان و هەروەها بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکایە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ''ئێف ١٨'' و فڕۆکەیەکی سیخوڕی ''گرومەن ئەی ٢ هاوکی'' لە ناوگانێکی شەڕکەری ئەمریکا لە دەریای عومان هەڵفڕیون و ڕۆژی دووشەممە لە بنکەیەکی ئاشکرانەکراو نیشتوونەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە لوید ئاستین وەزیری بەرگری ئەمریکا، دوای هێرشێکی ڕاکێتی بۆ سەر پایگای عەینولئەسەد لە عێراق کە بەهۆیەوە حەوت پێرسۆنێلی ئەمریکایی بریندار بوون هۆشداری دا کە ئەمریکا هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەحەمول ناکات.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا هەروەها فەرمانی زیادکردنی هێزی سەربازیی لە ناوچەکەدا دەرکرد.

دوای کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای حیزبوڵڵا لە لوبنان و ئیسماعیل هەنیە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکران، بەرپرسانی ئەمریکا لەهەمبەر پەرەسەندنی توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نیگەرانیان دەربڕیوە.