کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوەزێک بە شانی مێرخاسێکەوە (عومەر قەیتەران)

12:22 - 17 گەلاوێژ 2724

ڕەوەزێک بە شانی مێرخاسێکەوە (عومەر قەیتەران)

برایم چووکەڵی

مارشی‌ هه‌ست‌بزوێن و دڵگری‌ ڕادیۆی‌ ده‌نگی‌ كوردستان كه‌ ڕسته‌ی‌ هیوابه‌خشی‌ "سه‌رنج بده‌ن سه‌رنج بده‌ن"ی‌ به‌دوا دا دەهات‌، بۆ ڕۆڵه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد له ‌كوردستانی‌ ئێران ‌و دۆستانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ڕزگاریخوازانه‌ی‌ گه‌له‌كه‌مان موسیقایه‌كی‌ دڵنه‌واز و ئاهه‌نگێكی‌ به‌گوێ‌ ئاشنا بوو‌. هه‌موو جارێ‌ كه‌ ڕادیۆی كوردستان له‌نێو خه‌به‌ره‌كاندا ئه‌و ماڕشەی‌ لێ ده‌دا گوێگرانی‌ ڕادیۆ شاگه‌شكه‌ی‌ شادی‌ و دڵ‌خۆشی‌ ده‌یگرتن‌ و ده‌یانزانی كه‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مان و كارزانه‌كانی‌ حیزب سه‌ركه‌وتنێكی‌ گه‌وره‌تریان له ‌خه‌بات دژی‌ دوژمنانی‌ ئازادیدا وه‌ده‌ست هێناوه‌.

له ‌ئاكامی‌ كارامه‌بوون و قاڵبوونه‌وه‌ی‌ خه‌باتگێڕانی‌ حیزبه‌كه‌ماندا هەمیشە خەڵکی‌ دڵ پڕ له‌ ئاواتی‌ كورده‌واری‌ زیاتریان گوێ‌ له‌ نركه‌ی‌ دلێرانه‌ی‌ "سه‌رنج بده‌ن سه‌رنج بده‌ن" بووه ‌و زۆرتر دڵیان به‌ خه‌به‌ری‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ڕۆڵه‌ پێشمه‌رگه‌كانیان گه‌شاوه‌ته‌وه‌. بێ‌ له‌خۆبایی‌بوون ده‌توانین بڵێین زۆر مانگی ساڵ و تەنانەت هه‌موو هه‌فته ‌و ڕۆژێکی‌ شاهیدی‌ یه‌كێك یان چه‌ند سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌رچاوی‌ كوره‌كانی‌ گه‌ل ‌و تێكشكانی‌ هێزه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانی‌ ڕێژیمی‌ کۆماری ئیسلامی بووین. هه‌ربۆیه‌ش كه‌م هه‌فته‌ هه‌بووه‌ كه‌ جارێك دووجار ئه‌م ده‌نگه‌ دڵپه‌سه‌نده‌ به‌گوێی‌ ئۆگرانی‌ ئازادی‌ له ‌كوردستان و سه‌رانسه‌ری‌ ئێران نه‌گا. شەهید عومەر قەیتەران یەکێک لەو فەرماندەرانە بوو کە زۆرجار بە عەمەلیاتە گەورەکان سەرنجی هەموو لایەکی بۆ لای هێزەکەی ڕادەکیشا و زۆرجار سەرنج بدەنی هەست بزوێن بۆ عەمەلیاتەکانی ئەو ڕۆڵەیەی دێموکرات بوو. لەو دەرفەتە‌دا یادێک لە خەبات‌ و تێکۆشانی قارەمانی گەلەکەمان شەهید عومەر قەیتەران فەرماندەری هیزی شەهید ئەفشین لە نەغەدە دەکەینەوە.

شەهید عومەر قەیتەران لە ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە گوندی "گردی‌یاقوب" لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد لە باوەشی گەرمی بنەماڵەیەکی زەحمەتكێش لەدایک بوو. بەرەبەرە کە گەورە بوو لەگەڵ دەرد و کویرەوەریی ژیانی گەلی کورد بەتەواوی ئاشنا بوو، هەر بۆیە بە ڕەگ و پێستەوە هەستی بە چەوسانەوە دەکرد. کاتیک شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت وەک دەرجەدارێکی شۆڕشگیر ڕووی کردە ڕیزی تێکۆشەرانی دیموکراتەوە و وەک پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و بە ئینزیبات لە هێزی پێشەوادا دەستی بە تیکۆشانی سیاسی کرد.

عومەر قەیتەران لە ماوەیەکی کورتدا نیشانی ‌دا کەسێکی بەتوانایە و بە هەموو وجوودییەوە لە خزمەت نەتەوەکەی‌دایە. هەر بۆیەش زوو جێگای خۆی لەنێو دڵی هاوسەنگەرانی و خەڵكی ناوچە‌دا کردەوە‌ و بەدڵ وگیان خۆشیان دەویست. ئازایەتیی ناوبراو بوو بەهۆی ئەوە کە بە جێگری لکی دووی هێزی شەهید پێشەوا دیاری کرا. عومەر قەیتەران بە بەشداری لە چەندین عەمەلیاتی سەرکەوتووانە توانی لەو بەرپرسایەتییە ڕووسوور بێتەدەر و بەحەق توانی بە سەداقەت‌ و ئیمان ئەرکەکانی بەڕێوەبەرێ. بۆیە ساڵی١٣٦٠ لەلایەن حیزبەوە وەک جێگری هێزی شەهید ئەفشین لە ناوچەی نەغەدە دیاری کرا. لە ماوەی کاری جێگری هیزیشدا چەندین عەمەلیاتی سەرکەوتوانەی بەڕێوە برد و، توانایی ولێهاتوویی وکارزانی لە کاری نیزامی‌دا بووە هۆی ئەوە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لەلایەن دەفتەری سیاسییەوە بە فەرماندەری هیزی شەهید ئەفشین دیاری بکرێ.

فەرماندە قەیتەران لەو پۆستەشدا توانی ئەرکە پیرۆزەکانی بە ڕێکوپێکی بەڕێوە برد، چەندین عەمەلیاتی قارەمانانەی وەک: جادەی پەسوێ، گوندەکانی مەحمەشە ‌و ماسوێ، شەڕی نێو شاری نەغەدە، جادەی پەسوێ – مەهاباد، شەری چیای قەسرێ، قەڵاتە ڕەش، شەری بابەکراوێ وکێلێ، جادەی نەغەدە – مەهاباد، پایەگای دەشتی قوڕێ، پایەگای قەڵاتەسوور، پایەگای کەڵەکۆک و شەڕی گەرگولی سەرێ ‌و خوارێ نموونەیەکی چووکەن لەو حەماسە و قارەمانەتییەی بە فەرماندەیی ناوبراو لە ناوچەکانی نەغەدە و مەهاباد بەڕێوە چوون.

شەهید عومەر لە ڕۆژی یەکەمی پێشمەرگایەتیی تا کاتی شەهیدبوونی ڕۆڵی فەرماندەیەکی گێڕا کە جگە لە ئەرکی پیرۆزی پیشمەرگایەتی. کەسێکی کۆمەڵایەتی ‌و خەڵک خۆشەویست بوو، ڕێزی بۆ خەڵک دادەنا و خەڵکیش ڕیزی تایبەتیان دەگرت. بەجۆرێک کە لەو ناوچەیە لە هەموو بارێکەوە ببووە کۆڵەکەیەکی قایم ‌و جێگای متمانە و باوەڕی خەڵك و حیزبەکەی.

شەهید عومەر فەرماندەی بەجەرگ و ئازای گەلەکەمان هەمیشە لە سەنگەری یەکەمدا هاوڕێیانی ڕێنوێنی ‌و فەرماندەیی دەکرد. ناوی ئەو بۆ هەموو پێشمەرگەکان ‌و خەڵكی خۆڕاگری نەغەدە ناوێکی ئاشنا و لەسەر زارو زمانان بوو. شەهید عومەر زۆرجار دەیگوت "دەبێ خۆمان ئامادە بکەین و بتوانین بەربەرەکانی بکەین ‌و نەهێڵین ئێستا کە لە مەیدانی ڕووبەروو لەگەڵ دوژمنێکی دڕندەداین نەتوانێ زەبرمان لێ بدا، پیلانەکانی پووچەل بکەینەوە، ئەگەر هەرکات دەرفەتیشی هێنا بە حەولی خۆمان ڕێگا نەدەین زەربەمان لێ بدا بۆیە هەمیشە بە وشیاری و زیرەکی هەڵسوکەوت بکەین."

رۆژی ٣١ی خەرمانانی سالی ١٣٦٤ی هەتاوی هێزەکانی ڕیژیم هێرشیان کردە سەر گوندی گەرگولی نەغەدە. ڕۆڵەکانی دێموکرات بەرپەرچی دوژمنیان داویەوە. پاش چەندین سەعات زەبرێکی باشیان لە دوژمن وەشاند، بەڵام بەداخەوە لەو شەڕە‌دا عومەر قەیتەرانی قارەمان خوێنی تێکەڵ بە خوێنی ٨ قارەمانی دیکە بە ناوکانی: سەلاح خاکی، ڕەحمان شیخاڵی، مەحەممەد ساوجبڵاغی، سەید عەلی تەریتە، قەرەنی ڕەسووڵی، ڕەسوول عەرەب، محەممەد ڕەسوول‌پوور و برایم مەحموودی بوو و چوونە ڕێزی کاروانی شەهیدانی کوردستان.

یادیان هەرمان و سەنگەری خەباتیان ئاوەدان.