کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکان بە لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی

12:23 - 17 گەلاوێژ 2724

لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی هاووڵاتیی کوردی یارسان و لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، کاردانەوەی بەرینی خەڵکی ئێران، کەسایەتییەکان و ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانی لێ کەوتەوە.

لەم پێوەندییەدا کاک مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا وێڕای مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، ڕایگەیاند کە ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینییدا ١٠ بەندکراوی کوردی لەسێدارە داوە بەڵام پەتی سێدارە و سزای مەرگ، نابێتە بەربەستی سەر ڕێی خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانی ئێران و کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی مرۆڤکوژ.

هەروەها ڕێکخراوەکانی لێبوردنی نێونەتەوەیی، مافی مرۆڤی ئێران، ئەنجومەنی بنەماڵەکانی فڕۆکەی ئۆکراینی و کۆڕی گشتیی چالاکانی مەدەنیی یارسان لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەساییان مەحکووم کرد.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا لەسێدارەدانی نهێنی و بێدەنگانەی ڕەسایی مەحکووم کرد و زیادی کرد "لەکاتێکدا کە سەرنجی میدیا جیهانییەکان لەسەر گرژییەکانی ناوچەکە بوو، بەرپرسانی ئێرانی لاوێکی بەندکراویان پاش دادگاییکردنێکی ساختە لە سێدارە دا کە لە ژێر ئەشکەنجە و توندوتیژی دیکەدا بوو."

ئەم ڕێکخراوە بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕيزا ڕەسایی سەر بە کەمینە نەتەوەیی و ئایینی بوو ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی لەسێدارەی داوە.

ئەنجومەنی بنەماڵەکانی فڕۆکەی ئۆکراینی لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی بە "تۆڵەی سەخت"ی کۆماری ئیسلامی لە خەڵک زانی و ڕایگەیاند، ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان تەنیا ڕۆژێک ڕوو ئەدات کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، حوکم نەکات.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە کاردانەوە بە لەسێدارەدانی ڕەسایی داوای لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کردووە کە کاردانەوەیان هەبێت.

بەڕێوبەری ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە "خەڵکی ئێران بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامی دێنە ئەژمار و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی نابێت ڕێگە بدات کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بە کەڵکوەرگرتن لە سەرنجی جیهان لەسەر گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل، بەندکراوان یەک لە دوای یەک بکوژێت.

لەلایەکی دیکەوە کۆڕی گشتیی چالاکانی مەدەنیی یارسان، وێڕای مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی ڕەسایی ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ڕێگەی نەداوە کە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ڕەزا بە ئایینی یاری ئەنجام بدرێت و خۆیان لە شوێنێکی دیکە و دوور لە زێدی خۆی ناشتوویانە.

ئەم کۆڕە لە درێژەی بەیاننامەکەیدا سەرەخۆشیی خۆی لە بنەماڵەی ڕەسایی و خەڵکی ستەملێکراو و بێپەنای یارسان و هەموو ئازادیخوازان کردووە و ئەم لەسێدارەدانەی بە کردەوەیەکی دژی دادپەروەری و عەقڵانییەت لە قەڵەم داوە.

جێی ئاماژەیە کە دوێنێ ١٦ی گەلاوێژ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین لە کاردانەوە بە لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و پاشان لەلایەن مەئموورانی بەندیخانەکەوە هێرش کراوەتە سەریان.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە دوابەدوای ئەم ناڕەزایەتییانە هێڵی تلفۆنی بەندەکە بچڕێندراوە و چەند کەسێکیش بە هۆی هێرشی مەئموورانەوە بریندار بوونە.

ڕەزا ڕەسایی هاووڵاتی کوردی یارسان و تەمەن ٣٤ ساڵ بەتۆمەتی کوشتنی بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری سەحنە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، پاش ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ و ناڕوونی لە دۆسییەکەیدا، لە بەرەبەیانیی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژ، بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی و مافی ئاخرین چاوپێکەوتن، لە سێدارە درا.