کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی نان و بەنزین لە ئێران

12:27 - 17 گەلاوێژ 2724

لە کاتێکدا کە خەڵک ڕووبەڕووی زیادبوونی هەژاری و هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو بووەنەتەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران لە هەوڵی بەرزکردنەوەی نرخی کەلوپەلی سەرەتایی بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بوودجەن و بە کەمکردنەوەی یارانەی دەوڵەتی پێش بە کەمیی بوودجە بگرن.

ڕۆژێک دوای ئەوەی محەممەدڕەزا باهونەر، ئەندامی مەجلیس و ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند، ڕەنگە نرخی بێنزین ٢٥ بەرابەر بەرز ببێتەوە، هەروەها جێگیری وەزیری ئابووریش ڕایگەیاند، پێویستە نرخی نان بەرز بێتەوە.

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی نرخی  وزەی دیکەی زۆر بەرز کردووەتەوە و نرخی ئەو ئاردەی کە بۆ نانی فانتێزی و ماکارۆنی بەکار دێت ئازاد کردووە، هەروەها نرخی نانی سونەتی لە دوو قۆناغدا و بە گشتی نزیکەی ٧٠ لەسەد بەرز بووەتەوە.

لەم حەوتوویەدا دیوانی موحاسبات سەبارەت بە پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی حکوومەت لە دابینکردنی یارمەتییەکان و بەتایبەتی ٧٣ هەزار میلیارد تمەن سەرپێچی لە تەرخانکردنی یارانەکانی نان ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی فائۆ، ئێران ساڵانە ١٦ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن گەنم بەکار دەهێنێت. هەروەها ئامارەکانی ئێران دەریدەخەن کە ١٠ میلیۆن تۆن لەو ژمارەیە دەگەیەنرێتە نانەواخانە سونەتییەکان و ئەوانی دیکەش بە نرخێکی بێبەرامبەر بە کەرتەکانی دیکەی وەک نانی فانتێزی دەفرۆشرێن.

لە نانەواخانە سونەتییەکان ٨٠ لەسەدی نرخی کۆتایی نان بە یارانەکانی دەوڵەتی دەدرێت، خەڵکیش ٢٠ لەسەدی نرخی ڕاستەقینەی نان دەدەن.

ئێران لە ساڵی ڕابردوودا دوو میلیۆن تۆن گەنمی هاوردە کردووە و ڕێکخراوی فائۆ پێشبینی کردووە ئەم ڕێژەیە لەمساڵدا بگاتە ٣ میلیۆن تۆن.

هەروەها لەمساڵدا ڕێژیم نزیکەی ١٠میلیۆن تۆن گەنمی لە جووتیاران کڕیوە  و ١١٦ هەزار میلیارد تمەن قەرزداری ئەوانە.

ئێستا دەوترێت گۆڕینی نرخی نان تا ٢٥ لەسەدی ڕێژەی ئێستا لە دەستوری کاری زیاتر لە ١٠ پارێزگای ئێراندایە.