کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کارەبا لە ئێران کاروباری ئیداریی ١٣ی پازێگای تووشی کێشە کرد

10:56 - 18 گەلاوێژ 2724

نەبوونی کارەبا لە ئێران، ١٣ پارێزگای لەگەڵ کێشە و کورتکردنەوەی کاتی کارکردن بەرەوڕوو کردووەتەوە.

قەیرانی کارەبا لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە دەسەڵات ناچار بووە هەموو ئیداراتە دەوڵەتییەکان لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی گەلاوێژ لە دوو پارێزگای تاران و ئەلبۆرز دابخات و هەروەها کاتی کارکردنی ئیداراتی ١٣ پارێزگای دیکە کورت بکاتەوە.

بەپێی زانیاری سەرچاوەکانی ڕێژیم کاتی کارکردنی ئیدارات بەهۆی نەبوونی کارەباوە لە پارێزگاکانی کرماشان، یەزد، فارس، بوشێهر، قۆم، مازەندەران، بەلووچستان، خوراسانی ڕەزەوی، ئەهواز، گوڵستان، مەرکەزی، کرمان وسمنان تا کاتژمێر ١٠ی پێش نیوەڕۆ کورت کراوەتەوە.

لە ئێستادا کارناسان سەبارەت بە پچڕانی کارەبای کارخانە پیشەییەکان هۆشدارییان داوە و ڕایانگەیاندووە کە ئاکامەکەی دەبێتە کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان.

بەپێی هێندێک ڕاپۆرت و هەروەها لێدوانی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم، بچڕانی کارەبا ساڵانە هەزاران میلیارد خەسار دەگەیەنێتە بەشی ئابووری وڵات.

ڕۆژنامەی "ئێقتساد" لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر ئەم قەیرانەوە ڕایگەیاندووە کە نەبوونی کارەبا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی دروستکردنی خانوبەرە.

ئێقتساد باسی لەوە کردووە کە ڕێژەی دروستنەکردن و نەفرۆشتن لە بازاڕی خانوودا زیادی کردووە و یەکێک لە هۆیە سەرەکییەکانی قەیرانی کارەبایە.

ڕاپۆرتەکە زیادیشی کردووە کە قەیرانی نەبوونی کارەبا هەڵاوسانی کەلوپەلی بیناسازیی بەرزتر کردووەتەوە.

نەبوونی کارەبا لە ئێران لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دەسپێکی بەرنامە ناوکییەکانییەوە ڕایگەیاندووە کە لە وزەی ناوکیی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا کەڵک وەردەگرێت.