کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی هێشتا بڕیاری نەداوە کە چۆن وڵامی ئیسرائیل بداتەوە

12:07 - 18 گەلاوێژ 2724

کاناڵی سی ئێن ئێن لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی هێشتا خەریکە لێکۆڵینەوە دەکات کە چۆن و بە چ شێوازێک وڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بداتەوە بەڵام وێدەچێت حیزبوڵڵای لوبنان بەشێوەیەکی سەربەخۆ و زووتر، هەنگاو بنێت و هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ئێستادا حیزبوڵڵا پلان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دادەڕێژێت و لەوانەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا پلانەکەی جێبەجێ بکات بەڵام تاران خەریکی لێکۆڵینەوەیە کە بە چ شێوەیەک وڵامی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە بداتەوە کە چاوەڕوانییەکانی ئەمریکایش لەبەرچاو بگرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بەهۆی هاوسنووربوونی لوبنان و ئیسرائیل، حزبوڵڵا دەتوانێت بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە هێرش بکاتە سەر ئەم وڵاتە بەڵام کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بەو شێوەیە هێرش بکات.

لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەریی ئاکسیۆس ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە کە ئەگەر حیزبوڵڵا هێرش بکاتە سەر هاووڵاتییانی مەدەنیی ئیسرائیل، ئەوە ئەم گرووپە ڕووبەڕووی وڵامێکی یەکلاکەرەوە و توند و نەگونجاو دەبێتەوە.

هەڕەشەکانی حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامی لە دژی ئیسرائیل پاش ئەوەی کە فواد شوکر فەرماندەی باڵای حیزبوڵڵا لە بەیرووت و ڕێبەری حەماس ئیسماعیل هەنییە لە تاران کوژران چڕتر بوونەتەوە و هەر دوو لا باس لە تۆڵەسەندنەوی قورس لە ئیسرائیل دەکەن.