کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لە ماوەی یەک مانگدا لانیکەم ٨٧ کەس لەسێدارەدراون

12:09 - 18 گەلاوێژ 2724

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کە ڕێکخراوێکی ناحکوومیە بۆ مافەکانی مرۆڤ و بنکەکەی لە وڵاتی نۆروێژە، ڕایگەیاند، لە ماوەی یەک مانگدا دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، لە ناوەڕاستی مانگی پووشپەڕەوە تا ناوەڕاستی مانگی گەلاوێژ، لانیکەم ٨٧ کەس لە زیندانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون.

مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەرپرسی ئەو ڕێکخراوە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕ لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە خراپ بەکارهێنان و کەڵکوەرگرتن لە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم گرژی و ئاڵۆزییانەی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل، بەکۆمەڵ زیندانییەکان لە سێدارە دەدات و کەشی ترس و تۆقاندنی لە ئێران چڕتر کردووەتەوە.

هەروەها ناوبرا زیادی کرد کە لە نەبوونی وڵامدانەوەی دەستبەجێی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا سەدان کەس ببنە قوربانی ماشینی کوشتنی کۆماری ئیسلامی.

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران داوای لە هەموو ئەو وڵاتانە کرد کە پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە، کاردانەوەیان بەرامبەر بەو ئەو جینایاتەی ڕێژیم هەبێ و پێش بە زیاتربوونی ئەو جینایەتە بگرن.

هەر لەم پێوەندیەدا ڕۆژی چوارشەممە، سەرچاوە هەواڵییەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند کە سزای لەسێدارەدانی لانیکەم ٢٠ زیندانی بە تۆمەتی "ناسیاسی" تەنیا لە زیندانی قزڵحەسار لە کەرەج جێبەجێ کراوە.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ژمارەی ئەو کەسانەی لەو ڕۆژەدا لە سێدارە دراون بە "٢٩ زیندانی" ڕاگەیاند و نووسیویەتی: ٢٦ پیاو لە زیندانی قزڵحەسار و سێ کەسی دیکە لە زیندانی ناوەندیی کەرەج بە کۆمەڵ لە سێدارە دراون.

ئەم ڕێکخراوە جەختی لەوە کردەوە کە لەسێدارەدانی بە کۆمەڵی ٢٦ زیندانی لە یەک ڕۆژدا و لە یەک زینداندا بێوێنە بووە و لە دوو دەیەی ڕابردوودا یەک جار بەم شێوەیە جینایەتی ئاوای ئەنجام داوە کە جاری پێشوو لە ساڵی ١٣٨٨ بوو.

 

ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ دانیشتووانی دەردەخات کە ئێران زۆرترین ژمارەی ئێعدام لە جیهاندا هەیە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی، پێشتر هۆشدارییان دابوو سەبارەت بە مەترسیی زیادبوونی لەسێدارەدان دوای هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی سەرۆککۆماری ئێران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠٢٣ لانیکەم ٨٥٣ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون، کە ٤٨٪ زیاترە لە ساڵی ڕابردوو، و ڕێکخراوەکە هۆکاری بۆ هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقین لەناو خەڵکدا بەرانبەر بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەو ڕێژیمە دەگێڕنەوە.