کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی نەبوونی ئاو و کارەبا لە بۆکان تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە

12:43 - 18 گەلاوێژ 2724

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نەبوونی ئاو و کارەبا لە بۆکان تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و بەرپرسانی ڕێژیمیش لەم پێوەندییەدا هیچ هەوڵێک نادەن.

بەپێی زانیارییەکان، کارەبا بە شێوەی دەورەیی لە گەڕەکەکان ئەپچڕێ و زۆربەی دووکاندارەکان لە بۆکان، بۆ پێشگرتن لە خراپبوونی کەلوپەلی دووکانەکانیان لە نەبوونی کارەبادا ناچارن کەڵک لە مۆتۆربەرق وەربگرن.

 لە زۆربەی گەڕەکەکانیش لە کاتژمێر ١٢ی شەو هەتا ٨ی بەیانی زۆربەی گەڕەکەکان کێشەی ئاویان هەیە.

نەبوونی ئاو لە بۆکان لەکاتێکدایە کە ئاوی بەنداوی بۆکان بەرەو شارەکانی پارێزگای تەورێز ڕەوانە دەکرێت و گرینگی بە خەڵكی ئەم شارە نادرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، خەڵک بە چەندین جار سەردانی ناوەندە پێوەندیدارەکانیان کردووە بەڵام وەک هەمیشە لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە وادە و بەڵێنی درۆیان پێ دراوە و ئەم سەردانانە هیچ ئاکامێکیان نەبووە.