کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەيەندراوی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەبارەت بە شەهیدبوونی مامۆستا حەمدی حوسەینی

13:55 - 18 گەلاوێژ 2724

ڕاگەيەندراوی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەبارەت بە شەهیدبوونی مامۆستا حەمدی حوسەینی

 

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

کادر و پێشمەرگە تێکۆشەرەکان!

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە، ڕادەگەێنین، هاوڕێ و هاوسەنگەری خۆشەویست و تێکۆشەرمان کاک حەمدی حوسەینی، ناسراو بە مامۆستا حەمدی، کادری دێرین و بەوەجی حیزبەکەمان پاش ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، ئەمرۆ ١٨ی گەڵاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی چووە ریزی کاروانی شەهیدانی حیزبە تێکۆشەرەکەمان، حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران.

کاک حەمدی حوسەینی کوری محەممەدعەلی، خەڵکی گوندی گوازی سەر بە شاری سنە، ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە گوندی گواز لەدایک بوو. پاش شۆرشی گەلانی ئێران بە هۆی تێگەیشتوویی ئاستی بەرزی سیاسیی و دەرکی بە چەوسانەوەی گەلەکەی لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا بووە ئەندامی حیزب و ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی بەفەرمی هاتە نێو ڕیزی ئاشکرای حیزبەکەمان و پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو، و لە هێزی بەهێزی بێستوون سازمان درا.

مامۆستا حەمدی بەهۆی لێهاتوویی و هۆگریی بە کاری حیزبی یەک لە دوای یەک پلە و بەرپرسایەتییەکانی حیزبی دەبرێ. بەڕێزیان ئەندامی کومیتە شارستانی کرماشان بوو و لە هێزی بێستون بەرپرسایەتیی پێشمەرگانەی وەرگرت و بە تێکەڵبوونی کومیتە شارستانەکان و پێکهاتنی مەڵبەندی یەکی کوردستان، ئەرکی بەرپرسایەتیی کومیتەی شارستانی کرماشانی پێ سپێردرا. کاک حەمدی وەک کادرێکی سیاسیی و تەشکیلاتی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ خەلک هەبوو  و ساڵانێکی دوور و درێژ وەک مامۆستای فێرگە بە دڵسۆزییەوە کاری کرد، پاشان وەک بەرپرسی گشتیی فێرگەی سیاسیی - نیزامی حیزبی دیمۆکرات دیاری کرا.

کاک حەمدی حوسەینی بە ئەخلاقی بەرزی شۆڕشگێرانە، خاکەڕا و دڵسۆزی و چەندین تایبەتمەندیی بەرزی ئینسانی و پێشمەرگانە ناسرابوو و، خۆشەویستی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بوو. لە ماوەی پتر لە ٤٠ ساڵ خەبات و تێکۆشانی بێوچانیدا لە هیچ چەشنە فیداکاری و لەخۆبوردووییەک درێغی نەکرد و لە فێرگەی حیزبی دێموکراتدا بە ورەی بەرز و پۆڵایینی پێشمەرگانەوە لە هاندان و پێگەیاندنی هاوڕێیان و هاوسەنگەران و لاوانی کوردستان بۆ درێژەدانی رێگا و ڕێبازی شەهیدان بەردەوام بوو. ئەو ئامادەی ڕاپەڕاندنی هەرچەشنە ئەرکێکی حیزبی بوو کە لەلایەن ئۆرگانی سەرووتری حیزبەوە پێی دەسپێردرا و لە بواری پێگەیاندنی خوازیارانی پێشمەرگایەتی لە فێرگە و دواتر لە دەورەکانی سیاسیی و پەروەردەیی و لە بواری نیزامی و حوزوری پێشمەرگانە لە نێوخۆی وڵات لە سەردەمی ڕاسانی خۆرهەڵاتدا لە سەنگەری قایم و بەهێزی حیزبەکەماندا ئەرکەکانی بە دلسۆزییەوە بەرێوە دەبرد.

دوایین پلەی مامۆستا حەمدی تێکۆشەر کادری پلە دوو و جێگری بەشی پێشمەرگەی حیزبە خۆشەویستەکەمان بوو.

حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە لەدەستدانی کادرێکی بەوەج و دلسۆزی خۆی سەرەخۆشی لە هەموو کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و بە تایبەت بنەماڵەی بەرێزی دەکا، کە لەخۆبوردووانە و شۆڕشگێرانە لە ماوەی چل ساڵ تێکۆشانی مامۆستا حەمدیدا پشتیوان و هاندەری بوون و هیوای سەبووری بۆ کەسوکار و هاورێیانی دەخوازێت.

ڕێگا و سەنگەری خەباتی پڕ ڕێبوار و هەمیشە ئاوەدان

 

حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی