کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی جمهووریی ئیسلامی: ئیسرائیل لە نێو خۆماندا سیخوڕی هەیە

12:57 - 11 گەلاوێژ 2724

ڕۆژنامەی "جمهووریی ئیسلامی" لە چاپی پێنجشەممە ١١ی گەلاوێژی خۆیدا باسی لە هەبوونی سیخوڕی مووساد لە نێو دەزگا ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی کردووە.

ئەم ڕۆژنامە بە ئاماژەدان بە شێوازی کوشتنی هەنییە لە ناوچەیەکی تەواو پارێزراو لە تاران نووسیویەتی: "ئەوەی کە مووساد لە شوێنێکی وەها ئەمنییەتیدا دەتوانێت مووشەکێک لە پەنجەرەی ژووری نووستنی ئیسماعیل هەنییەوە بنێرێتە ژوورەوە، تەنیا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئیسرائیل دزەی کردووەتە نێومان".

جمهوری ئیسلامی لە درێژەدا خوازیاری بنبڕکردنی سیخوڕەکانی مووساد لە نێو دامودەزگا ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بووە و زیادیشی کردووە پێویستتر لە مەحکوومکردن ئەوەیە کە مۆرەکانی مووساد لە نێو خۆماندا بدۆزینەوە.

کوشتنی هەنییە وەک شکستێکی گەورەی دیکە ب بۆ دەزگا ئیتلاعاتی و هەواڵگرییەکانی ڕێژیمی ئێران بە ئەژمار دێت.

ئیسرائیل پێشتریش چەند ئۆپەراسیۆنی دیکەی لە نێوخۆی ئێراندا بە سەرکەوتوویی ئەنجام داوە و خەساری قەرەبوو نەکراوی بە کۆماری ئیسلامی داسەپاندووە.

کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لەکاتێکدا بوو کە ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتلاعاتی دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی تەنیا چەند ڕۆژ پێش کوژرانی هەنییە لە تاران ڕایگەیاندبوو کە "بەرچاوترین سەرکەوتنمان لە دەوڵەتی ڕەئیسییدا بەهێزکردنی ژێرخانە ئیتلاعاتییەکان و تێکشکاندنی هەموو دەستوپێوەندییەکانی ئیسرائیل لە نێوخۆدا بوو".

جگە لە سووککردنی کۆماری ئیسلامی و هێزە ئیتلاعاتییەکانی، کوشتنی هەنییە پاش چەند ئۆپەراسیۆنی دیکەی مووساد لە تاران وەک کوشتنی گرینگترین کەسی بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژیم لە ڕابردوودا، دەرخەری ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە پێشگرتن بەم جۆرە ڕووداوانە جارێکی دیکە لە ئیسرائیل شکستی خوارد.

لە ئیستادا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە ڕێژیم بۆ بەدەستهێنانەوەی ئابڕووی خۆی تا ڕادەیەکی کەمیش بووبێت، زەبرێکی قورس بدات لە ئیسرائیل.

بە بڕوای هێندێک لە کارناسان ئێران جارێکی دیکە هێرش دەکاتە سەر خاکی ئیسرائیل و بەم شیوە تا ڕادەیەک سەرپۆش دەخاتە سەر شکستە ئیتلاعاتییەکانی.

شایانی باسە کە پاش هێرشی ڕاستەوخۆی سپای پاسداران لە ٢٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، بەرەوڕووبوونەوەکانی ئێران و ئیسرائیل چوو قۆناغەکی دیکەوە و بەجۆرێک گۆڕەپانەکە لە تێلاڤیڤەوە بەرەبەرە ئاراستەی تاران کراوەتەوە.