کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە ٧ کوژراو و دەیان برینداری لێ کەوتەوە

11:06 - 19 خەرمانان 2724

بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی یەکشەممە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر چەندین بنکە لە سووریە، لانیکەم ٧ کەس کوژران کە سێ کەسیان مەدەنی بوون. هەروەها لەم هێرشەدا لانیکەم ١٥ کەسی دیکەش بریندار بوون و چەندین بنکەی نیزامیش لەنێو چوون.

بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤی سووریە لە هێرشەکەی شەوی یەکشەممە ١٨ی خەرمانان، سێ کەسی مەدەنی لەوانە پیاوێک و کوڕەکەی کە لەنێو ماشینێکدا بوون و ٤ سەربازی نەناسراویش کوژراون.

ئەم ڕێکخراوە ڕاگەیاندووە: ١٣ تەقینەوەی گەورە لە ناوچەیەک لە مەسیاف ڕوویان داوە کە ناوەندەکانی توێژینەوەی زانستی لێیە و گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و کارناسانی پەرەپێدانی چەک لەو شوێنەن و چالاکیان هەیە.

پێشتر هەواڵدەریی "سانا"ی سەر بە ڕێژیمی سووریە لە زاری سەرچاوەیەکی پزیشکییەوە بڵاوی کردەوە، لە نزیک مەسیاف ٥ کەس کوژراون و ١٩ کەسیش بریندار بوون.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بەرگریی ئاسمانیی سووریە چەند مووشەکێکی خستووەتە خوارەوە.

ئیسرائیل بە شێوەیەکی گشتی بەرپرسیارێتی خۆی لەم جۆرە هێرشانە پشتڕاست یان ڕەت ناکاتەوە.

لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی سووریە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە، ئیسرائیل سەدان هێرشی بۆ سەرئەو وڵاتە ئەنجام داوە و لەو هێرشانەدا بنکە و گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کراونەتە ئامانج.