کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵانە زیاتر لە ٤ هەزار کەس لە ڕێگەی خۆکوژییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن

12:07 - 19 خەرمانان 2724

وتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی ئینتزامی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە ساڵانە زیاتر لە ٤ هەزار کەس لە ئێراندا بەهۆی خۆکوژییەوە گیان لەدەست دەدەن.

مۆنتەزێر ئەلمەهدی بەبۆنەی ١٠ی سێپتامبر، ڕۆژی جیهانیی پێشگرتن لە خۆکوژی، باسی لەوە کردووە کە دەرئەنجامە نەخوازراوەکانی ئەو جۆرە مردن و برینداربوونە تەنیا ئاراستەی قوربانییەکان و کەسوکارەکانیان نابێ، بەڵکوو ئاراستەی کۆمەڵگەش دەبێت.

وتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی ئینتزامیی ڕێژیم بەوردی ئاماژەی بەوە نەکردووە کە مەبەستی لەو کەسانەی کە بەدەست ئەم زیانە زۆرە دەناڵێنن چی بووە کە بەهۆی خۆکوژییەوە تووشی دەبن.

ساڵی ڕابردوو فەرماندەیی هێزەکانی ئینتزامیی ڕێژیم ڕێژەی خۆکوشتن لە هەر ١٠٠ هەزار کەسی، ٥.١ کەس ڕاگەیاند و وتی بەپێی ڕاپۆرتی پێوەرەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە ماوەی ١٠ ساڵدا زیاتر لە ٤٠ هەزار حاڵەتی خۆکوژی تۆمار کراوە.

بەپێی بەم ڕاپۆرتە، لە نێوان ساڵانی ١٣٩٥ بۆ ١٣٩٩ ساڵانە بە تێکڕا ٤ هەزار و ١٨٣ کەس لە ئێران بە هۆی خۆکوژییەوە گیانیان لەدەست داوە.

لەو پێوەندییەدا لە کۆتایی مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوودا، ڕۆژنامەی ''ئێعتماد'' لە ڕاپۆرتێکدا، بە ئاماژەدان بەم داتایانە، جەختی لەسەر ئەو جیاوازییە بەرچاوە کردووەتەوە کە لە نێوان ئەو ئامارانەی لە دامەزراوە فەرمییەکاندا بەردەستن، هەیە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو ئامارانەی کە لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە لە بواری خۆکوژی لە ساڵانی ١٣٩٧ و ١٣٩٨ بڵاو کراونەتەوە، نزیکەی ٢٠ لەسەد لە داتاکانی هێزەکانی ئیتزامیی ڕێژیم زیاتر بووە.

هەروەها لە سەرەتای ساڵی ڕابردووەوە تا ڕۆژی ٨ی بەفرانبار، بە تێکڕا هەر ١٢ ڕۆژ جارێک، کرێکارێک بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی خۆی هەوڵی داوە.

بە وتەی کارناسان، پەرەسەندنی نادادپەروەری، هەژاری، گەندەڵی، سەرکوت و ناکامی لە ئێراندا بووەتە هۆی ئەوەی کە تەندروستیی دەروونی کۆمەڵگە بکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە.