کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانبوونی فەرمیی نرخی نان لە تاران

12:09 - 19 خەرمانان 2724

بەپێی زانیاریی سەرچاوە میدیاییەکانی ڕێژیم لە ئەمڕۆوە نرخی نان لە تاران بە شێوەی فەرمی بەرز بوویەوە و نرخە نوێیەکان لە هەموو کارتخانە زیرەکەکانی تاران تۆمار کراوە.

نرخی جۆرەکانی نان بەرزبوونەوەیەکی ٤٠ تا ٦٦ لەسەدیی بەخۆیەوە بینیوە و بەم پێیە نانی سەنگەک لە ٣ هەزارەوە بۆ ٥ هەزار و نانی بەڕبەڕیش لە ٢ هەزار و ٥٠٠ بۆ ٣ هەزار و ٥٠٠ تمەن بەرز بووەتەوە.

ڕاگەیاندنی گرانبوونی نان بە فەرمی پاش ئەوە بوو کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵدەریی میزانی سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیم باسی لە گرانکردنی نان لە تاران و چەند پارێزگای دیکەی کردبوو کە نانەواخانەکان بەبێ بڕیاری فەرمیی دەوڵەت نرخی نانیان گران کردبوو.

هەروەها ماڵپەری نوورنیووز لە مانگی ڕابردوودا باسی لە گرانکردنی ١٠٠ لەسەدیی نان لە تاران کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە لە هێندێک ناوچەکانی تاران بەبێ هیچ ئاگادارییەک نان گران کراوە.

گرانتربوونی ڕۆژانەی خواردن و شتومەکە پێویستەکان لەکاتێکدایە کە هەر ئێستا بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم زیاتر لە ٣٠ لەسەدی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدان و بەپێی پێشبیەنییەکان ئەم ڕێژەیە تا چەند ساڵی داهاتوو دەگاتە ٤٠ لە سەد.

جیا لەم بابەتە ئاماژەپێکراوانە لە ڕۆژانی ڕابردوودا مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری نوێی ڕێژیم و محەممەدڕەزا عارف جێگری، بەردەوام باسیان لە کەمبوونی نرخی بێنزین کردووە و ڕایانگەیاندووە کە دەبێت نرخی بێنزین بەرز بکرێتەوە.

لە ئەگەری گرانترکردنی بێنزین شەپۆڵێکی گرانیی دیکە دەست پێ دەکات و نرخی شتومەک و بەتایبەتی کاڵا پێویستەکانی وەک خۆراک و سووتەمەنییەکان گرانتر دەبێت و ڕێژەیەکی زیاتر لە خەڵکی ئێران لە هێڵی هەژاری نزیک دەبنەوە یان دەکەونە ژێر ئەو هێڵەوە.