کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژانە ۵۴.۸ کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران گیانیان لەدەست دەدەن

12:23 - 19 خەرمانان 2724

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەرمانان، ڕۆژنامەی "ئیعتماد" بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ڕێکخراوی پزیشکی، بڵاوی کردەوە کە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، دوای دە ساڵ لە دابەزین، لە ساڵی ـە١٤٠٠وە زیادی کردووە و لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە.

لە ئێراندا بە تێکڕا ڕۆژانە ٥٤.٨ کەس لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا گیان لەدەست دەدەن؛ بە واتایەکی تر لە هەر کاتژمێرێکدا ٢.٣ کەس دەبنە قوربانی و ژمارەیەکی زۆریش بریندار دەبن و لە ئەنجامدا بۆ هەمیشە کەمئەندام دەبن.

بەپێی نووسینی ئەو رۆژنامەیە، زیانەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێراندا لە نێوان ٢ بۆ ٧ لەسەدی بە هۆی بەرهەمە ناوخۆییەکانەوەیە .

پێشتریش عەباس مەجدی، سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئێران، ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ساڵی ١٤٠٢ی بە ٢٠ هەزار و ٤٥٠ کەس ڕاگەیاند و ئەم ڕێژەیە بە ڕێژەی ٢.٨٪ زیاترە لە ساڵی ڕابردوو و ٣٩١ هەزار و ١٦٩ کەسی دیکە هەر لەو ساڵەدا بە هۆی ئەو ڕووداوانەوە بریندار بوون.

 هەروەها بڵاو کراوەتەوە کە لە دەیەی ڕابردوودا ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران هیچ کاتێک کەم نەبوونەتەوە و بەشێکی زۆری هۆکارەکانی ئەو مردنە ڕۆژانەیانە کە لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا ڕوو دەدەن، پەیوەندیی بە نزمیی کوالێتی ماشینە نێوخۆییەکانەوە هەیە و سەرەڕای ئەمەش کاربەدەستانی ڕێژیم ئیدعا دەکەن فاکتەری مرۆڤی لە ڕوودانی ڕووداوەکاندا بە زۆری ڕۆڵ دەگێڕن و هەروەها ناکارامەیی شۆفێرەکان لە کۆنترۆڵکردنی ئۆتۆمبێلەکاندا بە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان دادەنێن.

بەڵام ڕێگاوبانە ناستانداردەکانی ئێران، نزمیی کوالێتیی ماشینەکان، پرسی پەروەردە و فێرکاریی لێخوڕینی ماشین و یاساوڕێسای ناکارامە، کۆمەڵێک هۆکارن کە ڕێژەی ڕووداوە کوشندەکانی ڕێگاوبانیان لە ئێراندا زیاد کردووە.

هەروەها جێگای ئاماژەیە بەرهەمهێنەرانی ماشین لە ئێراندا بەهۆی نزیکییان لە سیاسەتمەداران و خاوەن دەسەڵاتەکانی ڕێژیم، لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێگەیان نەداوە کە  لێکۆڵینەوە لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ماشین بکرێت، و چەندین لێکۆڵینەوە کراوە بەڵام ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوە سنووردارە هەرگیز بڵاو نەکراوەتەوە.