کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی کرێکاری بە بەندکران و سزای تەواوکەر سزا درا

12:24 - 19 خەرمانان 2724

فەرهاد شێخی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز و دانیشتووی هەشتگردی کەرەج لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە بە ٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو و سزای تەواوکەر سزا درا.

بەپێێ سزای دەرکراو، ئەم چالاکە کرێکارییە بە ٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو، دوو ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوەی لە ئێران، دوو ساڵ دوورخرانەوە بۆ زێدی خۆی و بێبەریبوون لە ژیان بۆ ماوەی دوو ساڵ لە پارێزگاکانی ئەلبورز و تاران سزا دراوە.

ئەم چالاکە کرێکارییە ڕایگەیاندووە کە پاش ئەوەی کە سزاکەی پێ ڕاگەیەندراوە لە دەرکرانی سزا لە دادگای پێداچوونەوە ئاگادار کراوەتەوە و خۆی و پارێزەرەکەشی لە دەرکرانی سزاکە ئاگادار نەبوون و تەنانەت لە ڕێگەی سامانەی سەناوە ئاگادار نەکراونەتەوە.

ئەم چالاکە کرێکارییە ڕایگەیاندووە: وردەکاریی سزاکە بەشێوەی زارەکی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە و لە ماوەی ڕۆژانی داهاتودا بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی لە لقی یەکی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی هەشتگێرد ئامادە دەبێ.

سەرەتاکانی پووشپەڕی ١٤٠٣، فەرهاد شێخی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی کەرەجەوە بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" بە یەک ساڵ بەندکران، دوو ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران، دوو ساڵ دوورخرانەوە و ژیانی زۆرەملێ لە شاری دیواندەرە و قەدەغەکردنی ژیان لە پارێزگاکانی ئەلبورز و تاران بۆ ماوەی دوو ساڵ سزا درا.

فەرهاد شێخی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢، لە ماڵەکەی خۆیدا لە هەشتگردی کەرەج لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی جۆزەردانی هەمان ساڵ پاش ١٤ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕەجایی شار و ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج، بە شێوەی کاتی بە کەفاڵەتی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی"  ئازاد کرا.

فەرهاد شێخی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١یش دوابەدوای دەرچوونی بەخشنامەی لێبوردن لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ئازاد کرابوو.