کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان دژی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی

10:58 - 20 خەرمانان 2724

لە درێژەی کاردانەوەکان دژی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی کورد، دەیان ڕێکخراوی مافی مرۆیی لە کوردستان و ئێران بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش، خوازیاری هەڵوەشانەوەی دستبەجێ و بێمەرجی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و ئازادیی ناوبراو بوون.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ''ئێمە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆیی، واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ و ناڕەزایی توند لە دۆخی سەرجەم زیندانییانی سیاسیی حوکمدراو یان بەرەوڕوو لەگەڵ سزای لەسێدارەدان، لە بنەڕەتدا دژایەتیی ئەم سزا نامرۆڤانە و دڕندانەیە بۆ هەموو خەڵک دەکەین و دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی ژنە چالاکوانی کورد و یاریدەدەری کۆمەڵایەتی بە توندی مەحکووم دەکەین.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، ئەم حوکمە نەک هەر پێشێلکارییەکی ئاشکرای پرەنسیپ و پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و کۆنوانسیون و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکوو نموونەی ڕوونی سەرکوتکردنی سیستماتیکی ئازادیی ڕادەربڕین و مافی ژیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

لە بەشێکی دیکەدا هاتووە پەخشان عەزیزی، کە لە کاتی خوێندکاربوونیدا و دواتریش وەک یاریدەدەری کۆمەڵایەتی، هەمیشە بە ئاراستەی بەرەوپێشبردنی وشیاریی گشتی و پاڵپشتیکردنی مافەکانی ژنان و بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی کاری کردووە، ئێستا بەهۆی هەوڵەکانی لە داکۆکیکردن لە مافە سەرەتاییەکان و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆیی، بە سزایەکی لەو شێوەیە زاڵمانە سزا دراوە.

لە درێژەدا هاتووە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆیی کە ئەم بەیاننامەیەیان واژۆ کردووە، داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی عەزیزی و ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی ناوبراو دەکەن. ئەم حوکمە نەک هەر مەترسی بۆ سەر ژیانی چالاکێکی مەدەنی و کۆمەڵایەتییە، بەڵکوو هەوڵێکی ڕوون و دوورمەودای ڕێژیم بۆ تۆڵەسەندنەوەی سەرهەڵدانی ''ژن، ژیان، ئازادی''، سەرکوتکردن و بەردەوامیی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی ژنان لە ئێرانە.

ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییانە وتوویانە: ئێمە هەروەها داوا لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی جیهانی دەکەین بە هەنگاوی خێرا و کاریگەر، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بەم حوکمە و پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە نیشان بدەن و لە هەموو مێکانیزم و تواناکانی یاسایی، سیاسی و دیپلۆماسی کەڵک وەرگرن.