ڕۆژنامەی دونیای ئێقتساد ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەرمانان لە زاری هادی مووسەوینیک ئەندامی هەیئەتی زانستیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم نووسی کە لە ئێستادا ڕێژەی هەژاری لە ئێراندا ٣٠ لەسەدە.
ئەم ڕێژەیە بەو مانایەیە کە نزیکەی ٢٦ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێران لە هەژاریدان و توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان نییە.
هەروەها هادی مووسەوینیک ڕایگەیاند کە ڕێژەی "هەژاریی لەڕادەبەدەر" لە ئێراندا نزیکەی ٥ لەسەدە کە ئەمە نزیکەی پێنج ملیۆن کەس لەخۆ دەگرێت و ئەمانەش ئەو کەسانەن کە تەنانەت توانای دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییەکانیان نییە.
ئەحمەد مەیدەری، وەزیری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی، لەم دواییانەدا ئەم ئامارەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، لە هەژاری لەڕادەبەدەردا، ئەگەر کەسەکە هەموو داهاتەکەشی خەرج بکات، ناتوانێت پێداویستییەکانی خۆراکی خۆی دابین بکات.
لەلایەکی دیکەوە زەهرا کاویانی، ئەندامی هەیئەتی زانستیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم، ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی ڕێژەی هەژاریی لە دوو دەیەی ڕابردوودا تاوتوێ کردووە و ڕایگەیاندووە کە هەژاری لە ئێراندا لە ساڵێک دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە واتە لە ساڵی ١٣٥٧ـەوە لە هەڵکشاندایە و بەردەوام بەرز دەبێتەوە.
هەروەها لەلایەکی دیکەوە لە پێوەندی لەگەڵ توانای دابینکردنی خۆراکەوە هادی مووسەوی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ٥٧ لەسەدی خەڵکی ئێران کە ١٤ میلیۆن و ٥٠٠ هەزاریان منداڵن بەدخۆراکییان هەیە و ناتوانن کالۆریی پێویست لە خۆراکەکانیان وەرگرن.
هەروها بەشی خاروبار و کشتوکاڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ساڵی ٢٠٢١دا بڵاوی کردبووەوە ڕایگەیاندبوو کە ٤١ لەسەدی خەڵکی ئێران ڕووبەڕووی نائەمنیی خۆراکی توند یان مامناوەند بوونەتەوە و ٣٦ میلیۆن ئێرانی لەو ساڵەدا توانای دابینکردنی خۆراکێکی تەندروستیان نەبووە.
لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی ناکارامەیی ڕێژیم لە ئیدارەی ئابووریی وڵاتدا، نرخی کاڵا سەرەتاییەکان و هەژاری لە ئێراندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و تەنانەت ئەم گرانی و هەژارییە بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژی دزی و تاوانە جیاوازەکان لەنێو کۆمەڵگەدا، بەڵام سەرەڕای هەبوونی ئەم دۆخە نالەبارە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هیچ بایەخێک بە ژیان و دۆخی خەڵک نادەن.