ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە، لە کاردانەوە بە زیادبوونی گرژییەکان و هەڕەشە لەسەر ئازادیی کەشتیوانی بەهۆی سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، هەواڵی پلاندانان بۆ جێگیرکردنی خێرا هێزێکی دەریایی فرەنەتەوەیی لە گەرووی هۆرمۆز ڕاگەیاند.
ماکرۆن ڕایگەیاند کە فەرانسە شانبەشانی بریتانیا سەرکردایەتی ئەم ئەرکە بەرگریی و ئاشتیخوازانەیە دەگرنە ئەستۆ و لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ئارەزوومەندی بەشداریکردنن لەم پڕۆژەیەدا ساز دەکرێت.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەم ئەرکە، گەڕاندنەوەی ڕەوتی ئازادی کەشتیوانییە لە یەکێک لە زیندووترین ڕێڕەوەکانی وزەی جیهاندا.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە کییێر ستارمێر ڕایگەیاندووە بریتانیا ناچێتە نێو ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە ئەمریکا پێشنیاری کردووە دژی کەشتییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی.
هەروەها ماکرۆن جەختی لە پێویستی گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوام لە ڕێگەی دیپڵۆماسییەوە کردەوە، بەڵام هاوکات ئاماژەی بە ڕۆڵی "کارە تێکدەرەکانی ئەمنییەتی"ی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی کرد کە بە وتەی شرۆڤەکاران، ڕەگی سەرەکیی چڕبوونی گرژییەکانی هەنووکەیین.