کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆیتێرز: گەمارۆی دەریاییی ئەمریکا تەواوی هێڵە کەناراوییەکانی ئێران دەگرێتەوە

17:17 - 24 خاکەلێوه 2726

هەواڵدەریی ڕۆیتەرز لە زاری یاداشتێکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) بڵاوی کردەوە کە گەمارۆ دەریایییەکەی ئەمریکا "تەواوی هێڵە کەناراوییەکانی ئێران"، لەوانە بەندەرەکان و وێستگەکانی نەوت دەگرێتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، گەمارۆکە لە دەریای عومان و دەریای عەرەب، لە ڕۆژهەڵاتی گەرووی هۆرمۆز جێبەجێ کراوە و هەموو کەشتییەکان، بێ گوێدانە ئاڵاکانیان، دەگرێتەوە.

سێنتکام هۆشداریی داوە کە ئەو کەشتییانەی بەبێ مۆڵەت بچنە ناوچەکە یان لێی بێنە دەرەوە، ڕووبەڕووی ''ڕێگری لێکردن، گۆڕینی ئاراستە و دەستبەسەرداگرتن" دەبنەوە.

لە یاداشتەکەدا هاتووە کە گەمارۆکە لە کاتژمێر ١٤:٠٠ بە کاتی گرینویچ (GMT) دەستی پێکردووە.

هەروەها جەخت کراوەتەوە کە بارە مرۆڤدۆستانەکان، لەوانە خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکان، بە مەرجی پشکنین ڕێگەیان پێ دەدرێت و تێپەڕبوونی ترانزێتی بێلایەن لە گەرووی هۆرمۆزەوە بۆ وڵاتانی جگە لە ئێران سنووردار ناکرێت.