کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران: ئەمنییەتی بەندەرەکان "یان بۆ هەمووان یان بۆ هیچکەس"

17:13 - 24 خاکەلێوه 2726

قەرارگای ناوەندی خاتەمولئەنبیا لە کاردانەوە بەو ڕاپۆرتانەی سەبارەت بە گەمارۆی دەریایی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوک راونەتەوە، بەیاننامەیەکی دەرکرد و ڕایگەیاند "ئەمنییەتی بەندەرەکان لە کەنداو و دەریای عومان یان بۆ هەمووان دەبێت یان بۆ هیچ کەس".

ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدا دێت کە سیاسەتە گرژییخوازەکانی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە ناوچەکەی خستووەتە لێواری ناسەقامگیرییەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری "تەسنیم"ی سەر بە سپای پاسداران، وتەبێژی ئەم قەرارگایە جەختی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە چالاکییەکانیان لە ئاوەکانی ناوچەکەدا بەردەوام دەبن و "کەشتییەکانی سەر بە دوژمن" ڕێگەی تێپەڕبوونیان لە گەرووی هۆرمۆز پێ نادرێت. لە هەمان کاتدا، کۆنترۆڵکردنی تێپەڕبوونی کەشتییەکانی دیکە بەستراوەتەوە بە پەیڕەوکردنی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕاگەیەندراون.

لە هەمان بەیاننامەدا، پێشنیاری دروستکردنی میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هۆرمۆز تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی تێکهەڵچوونەکانیش کراوە کە لە ڕوانگەی چاودێرانەوە، هەوڵێکە بۆ سەپاندنی هێژموونی تاکلایەنە بەسەر ئەم ڕێڕەوە گرینگ و زیندووەدا.

هاوکات، دۆناڵد ترامپ خەریکی تاوتوێکردنی بژاردەی هێرشی سنووردار دژی ئێرانە و فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکان (سێنتکام) دەستپێکردنی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە.