کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی هاوبەشی چەند ڕێکخراو و دامەزراوەی سەندیکایی و مەدەنی لە بەرەبەری دووهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی

14:35 - 20 خەرمانان 2724

چەند ڕێکخراو و دامەزراوەی مەدەنی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەرمانان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش بەبۆنەی دووهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی یەکگرتووانەی شۆڕشەکە کردووە.

شۆرای خانەنشینکراوانی ئێران، شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی گرێبەستی نەوت، شۆرای ڕێکخستنی کرێکاران نافەرمیی نەوت، شۆرای هاواهەنگیی پەرستاران، ناوەندی وتووێژی خانەنشینکراوانی تەئمینی ئیجتماعی، دەنگی ژنانی ئێران، دامەزراوەی مافخوازان، ئەنجومەنی کارەبا و کانزای کرماشان و سەندیکای مامۆستایانی ئێران لەم بەیاننامە هاوبەشەدا هێناویانە: "دوو ساڵ لە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و هەڵقوڵانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تێپەڕ دەبێت، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، ئازادیخوازانە، هاوسانیخواز، مۆدێڕن و سێکۆلار".

ئەم ڕێکخراوانە لە درێژەی بەیاننامەکەیاندا بە ئاماژەدان بە ڕووبەڕووبوونەوەی زۆرینەی خەڵک لەگەڵ دەسەڵات لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی دژواربوونەوەی دۆخی ژیانیان باسیان لەوە کردووە کە شەقام وەک هێمایەکی بوونی شۆڕش بەردەوام لەژێر دەستی ناڕازییاندا بووە و ڕایانگەیاندووە مافخوازان، خانەنشینکراوان، کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، خوێندکاران و ژنانی بوێر هەنگاوێک بەرەودوایان هەڵنەگرتووە و شەقامەکانیان کردووە بە گۆڕەپانی خەبات.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، هەر چەند کە بزووتنەوە بەربڵاوەکەی خەڵک لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا بە خراپترین شێوە لەلایەن دەسەڵاتەوە و بە هەموو هێزێکی سەربازی و ئەمنی و لەسێدارەدان سەرکوت کراوە بەڵام ئەم هەڵسوکەوتە هیچکات ئاکامی نەبووە و بەهێزترین بزووتنەوە بە دژی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان بووە کە تاکوو ئێستا سەری هەڵداوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکە بە جەختکردنەوە لە سەر دووهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی مۆدێڕنی ژنانەی مێژوو هاتووە: ئێمە مامۆستایان، کرێکاران، پەرستاران، خانەنشینکراوان، ژنان و مافخوازان و هەروەها لاوان و خەڵکێک کە لە هەژاری، گەندەڵی، گرانی و زوڵمی دەسەڵاتداران گەیشتووەتە گیانمان بە درێژەدانی ناڕەزایەتییەکان، کۆبوونەوەکان، مانگرتن و دەنگی بەرزی یەکگرتوویی بۆ جارێکی تر بە دژی هەژاری و گەندەڵی، یەکدەنگ و پێکەوە بۆ لابردنی نایەکسانی و بۆ کۆتاییهێنان بە بێمافیی ژن و کۆیلەتی مرۆڤ، هاوپەیمان دەبین.