کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەشبگیرییەکانی ڕێژیم لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینادا/ لە ماوەی ٧ ڕۆژدا ١٧ کەس دەسبەسەر کراون

14:42 - 20 خەرمانان 2724

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا و تەنیا لە ماوەی ٧ ڕۆژدا، ١٧ کەس لە شارەکانی کوردستان و لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

هێزەکانی ڕێژیم بە هێرشکردنە سەر ماڵی هاووڵاتییان لە شارەکانی مەهاباد، مەریوان، دیواندەرە، شنۆ، پیرانشار و سەوڵاوا، شەپۆلێکی نوێ لە سەرکوتکارییەکانی خەڵکی کوردستانیان دەست پێ کردووە.

بەپێی هەواڵ و زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە شاری مەهاباد، ئومید ئەحمەدنژاد، عادڵ کاکە، سیاوەش سوڵتانی و ڕامیار ئەبووبەکری لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

لەم چوار کەسە، ڕامیار ئەبووبەکری و سیاوەش سوڵتانی لە ئەندامانی بنەماڵە مافخوازەکانی شۆڕشی ژینان .

سیاوەش سوڵتانی کوڕی کوبرا شێخە لە شەهیدانی شۆڕشی ژینایە کە کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانی، هێزەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردووە.

ڕامیار ئەبووبەکری تەمەن ١٦ ساڵیش برای زانیاری ئەبووبەکری لە شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهابادە کە لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

لە شاری دیواندەرە، ٥ هاووڵاتی بە ناوەکانی موزەفەر دارایی، محەممەد ئەمینی، نەوید شەریفی، فواد مورادی و فەرهاد قەمەری دەسبەسەر کراون.

لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی ماردین دێهقانی کە خەڵكی سەردۆش و دانیشتووی مەریوان بووە لەلایەن هیزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

لە شاری شنۆ سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی لوقمان زەنگی و سیامەند زەنگی و دیاکۆ عەزیزی و لە پیرانشاریش سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی سەعدوون شەریفی، سلێمان چووپانی و واحید ئەبووبەکری دەسبەسەر کراون.

هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی سلێن سەر بە شاری سەوڵاواش بە ناوی ڕاشد ئەدوایی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ڕێژیم لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینادا و بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندنی خەڵک و لە درێژەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، بۆ جارێکی دیکە بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستی بە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە کوردستان کردووە.

کوردستان ئاخێزگەی شۆڕشی ژینا بوو و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بە شێوازی جۆراوجۆر و بەتایبەت لەلایەن بنەماڵە مافخوازەکانی ئەم شۆڕشەوە، ناڕەزایەتی و دژایەتی دژی ڕێژیم بەردەوام بووە.