کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئورووپایی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران

10:47 - 21 خەرمانان 2724

ئەمریکا ڕایگەیاند بەهۆی ناردنی مووشەکی بالستیک بۆ ڕووسیە گەمارۆی نوێ دەخاتە سەر ڕێژیمی ئێران، هاوکات ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیاش گەمارۆی نوێیان لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند.

وەزارەتی خەزینەداریی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەرمانان لە کاردانەوە بە ناردنی مووشەکی بالستیک لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڕووسیە بەمەبەستی بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکراین، ١٠ کەس و ٦ دامەزراوەی کە بنکەکانیان لە ئێران و ڕووسیەن خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

 وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاندووە ئەو وەزارەتخانەیە هەروەها چوار کەشتیی تەحریم کردووە کە ڕێگە بە گەیاندنی سیستمی چەک و پارچەی چەکۆچۆڵی ئێرانی لەوانە دڕۆن و مووشەکی بالیستیکی دوورمەودا بۆ ڕووسیە دەدات.

وتەبێژی ئەمنییەتی میللیی کۆشکی سپی وتوویەتی: ئەمریکا پشتڕاستی دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بارەکانی مووشەکی بالیستیکی کورتمەودای فەتاحی ٣٦٠ی گواستووەتەوە بۆ ڕووسیە و بەپێی  بەراوردەکانی ئێمە، دەتوانرێت لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا ئەم مووشەکانە دژی ئۆکراین بەکار بهێنرێت.

هەروەها ژێنراڵ پاتریک ڕایدێر وتەبێژی پێنتاگۆن ڕایگەیاندووە، دەیان سەربازی ڕووسیە بۆ بەکارهێنانی ئەم سیستمە مووشەکییە لە ئێران ڕاهێنانیان پێ کراوە.

هەروەها لە بەیاننامەی ئەم وەزارەتخانەیە هاتووە کە ئەمریکا ڕێوشوێنی زیاتری دژی شیرکەتی فڕۆکەوانیی ''ئێران ئەیر'' جێبەجێ کردووە کە پێشتر لە ساڵی ١٣٩٧ ئەم شیرکەتەی تەحریم کردبوو.

هاوکات ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیاش هەناردەکردنی مووشەکی بالستیکی ئێران بۆ ڕووسیە بۆ بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکراینیان مەحکووم کرد. هەر سێ وڵاتی ئورووپایی لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە ڕێوشوێنی خێرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکانی دوولایەنەی خزمەتگوزاری ئاسمانی لەگەڵ ئێران دەگرینەبەر و ئەوەشیان زیاد کرد کە شیرکەتی فڕۆکەوانی''ئێران ئایر''یش دەخەنە لیستی سزاکانیانەوە.

لە کاردانەوەدا ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، وێڕای ڕەتکردنەوەی ناردنی مووشەک بۆ ڕووسیە، ئەو هەوڵەی سێ وڵاتی ئورووپای بە "بەردەوامی سیاسەتی دوژمنکارانەی ڕۆژاوا و کردەوەی تیرۆریزمی ئابووری" لە دژی ئێران وەسف کرد و ڕایگەیاند ڕووبەڕووی کردەوەیەکی هاوتا و گونجاوی کۆماری ئیسلامی دەبنەوە.