ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، سێهەمین كۆڕی ساڵانەی شێعری كوردی لەژێر ناوی ''تا زرێبار و دێڕێک'' لەلایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوانەوە بەڕێوە چوو.
ئەم کۆڕە بە ئامادەبوونی ئاپۆڕایەكی بەرچاو لە شاعێرانی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە هۆڵی مامۆستا قانع لە مەریوان دەستی پێ كرد و بڕیارە كۆڕەكە لە نۆ پانێلی دیاریكراو كە هەر كۆڕێک ناوی كەسایەتییەكی كوردی لەسەر دانراوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.
لەم كۆڕەدا بەرهەمی ٤٤ شاعێری كوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخوێندرێتەوە كە لەنێو ١٣٧ بەرهەمدا بەپێی پێوەرەكانی شێعری هەڵبژێردرابوون.
ئەو كۆڕە بایەخێكی گرینگی بە سەرجەم زاراواكانی كوردی وەک: لوڕی، لەکی، كەلهووڕی، فەیلی، هەورامی، كرمانجی، گەڕووسی و سۆرانی داوە.