کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەروبەندی ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینادا شەپۆلی دەسبەسەرکردنی بنەماڵەی شەهیدان زیادی کردووە

11:21 - 21 خەرمانان 2724

چاوەدێری مافی مرۆڤ کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەرمانان ڕایگەیاند بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە کۆیان کردووەتەوە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و ئەو کەسانەی کە لە ساڵی ١٤٠١ دەسبەسەر کراون، کوژراون یا لە سێدارە دراون بە تۆمەتگەلی بێ‌بنەما دەسبەسەر و ئازار و ئەشکەنجە دەدات.

ئەم ڕێکخراوە زیادی کردووە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بێدەنگن بەڵام لە سزادانی ئەندامانی ئەو بنەماڵانەی کە داوای لێپرسینەوە لەو ڕێژیمە دەکەن بەردەوامن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوەیە، ماشەڵڵا کەرەمی باوکی محەممەدمێهدی (کۆمار) کەرەمی، فەرامەرز ئابیل بەراهویی، برای ئیسماعیل ئابیل بەراهویی، ڕامیار ئەبووبەکری برای زانیار ئەبووبەکری تەمەن ١٦ ساڵ، سیاوەش سوڵتانی کوڕی کۆبرا شێخە، ڕەعنا کوورکوور خوشکی عەباس (موجاهید) کوورکوور، ئەحمەد حەسەنزادە و سۆڵماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە، حەسەن ئەمینی برای محەممەد ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون یان سزای قورسیان بەسەردا سەپێنراوە و لەم ماوەیەدا ئازار ئەشکەنجە دراون.

لەو ڕاپۆرتەدا بەوردی باس لە چۆنییەتیی دەسبەسەرکردنی کەسوکاری شەهیدان و هەروەها ئەو سزایانەی کراوە کە بە ناڕەوا بەسەریاندا سەپێندراوە.

بۆ نموونە باس لە سەپاندنی ٨ ساڵ و ١٠ مانگ زیندان و دەسبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی ماشەڵڵا کەرەمی، ٦ مانگ زیندانیکردنی فەرامەرز ئابیل بەراهویی، هێرش کردنەسەر ماڵی شەهید زانیار ئەبووبەکری و دەسبەسەرکردنی برای ئەو شەهیدە و ڕاگواستنی بۆ جێگایەکی نادیار، یا دەسبەسەرکردنی سیاوەش سوڵتانی و ڕاگواستنی بۆ شوێنکی نادیار، هەروەها دەسبەسەرکردنی ئەحمەد حەسەنزادە و سوڵماز حەسەنزادە کە دوای ئازار و ئەشکەنجە بە دانانی بارمتە ئازاد کران، کراوە.

چاوەدێری مافی مرۆڤ جەختی لەوە کردووەتەوە کە گوشار خستنەسەر ئەو بنەماڵانەی کە ئازیزەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە شەهید کراون یان لەلایەن دادگاکانی ئێرانەوە لە سێدارە دراون مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە؛ بۆ نموونە هەڕەشە و گوشار خستنەسەر کەسوکاری قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ یا هەروەها بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی PS752 کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە خرایە خوارەوە.