کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی ٦ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگاکانی سنە

11:57 - 21 خەرمانان 2724

لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا كە شەوی سێشەممە ٢٠ی خەرمانان لە نێوان سێ ئۆتۆمبێلدا لە ڕێگای دیواندەرە بۆ سنە ڕووی دا، ٤ كەس گیانیان لەدەست دا و ٧ كەسی دیكەش بریندار بوون و هەروەها لە ڕووداویکی دیکە لە ڕێگای مەریوان بۆ باشماخ ٢ کەس گیانیان لەدەست دا.

بەرپرسی، ئیدارەی فریاکەوتن و ڕووداوەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی سنە ڕایگەیاندووە: '' لە کۆی ئەو چوار کەسەی لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەست داوە، ٣ کەسیان لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەست داوە و یەکێکیان دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندی پزیشکی گیانی لەدەست داوە.

هەروەها لە ڕووداوێکی دیکەدا لەسەر ڕێگەی سەرەکیی شاری مەریوان تا سنووری باشماخ، ماشینێکی لە جۆری پەیکان لەگەڵ بارهەڵگرێکدا تووشی پێکدادان بوون، لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا دوو سەرنشینی پەیکان گیانیان لەدەست دا و کەسێکیش بە سەختی بریندار بوو.

ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیان لەدەست دەدەن.

جێی ئاماژەیە، خراپیی ڕێگاوبانەكان، كوالێتیی نزمی ماشینەکان و كەمیی خزمەتگوزارییەكانی ڕێگاوبان لە كوردستان بووەتە هۆی ئەوەی کە ساڵانە بە سەدان كەس لەو ڕێگایانەدا گیان لەدەست بدەن و بریندار بن.