کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی پەروەردە : ١٦٤هەزار منداڵ لە ئێران لە خوێندن بەجێ ماون

11:01 - 12 خەرمانان 2724

جێگری وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە لە ئێران ١٦٤ هەزار منداڵ لە خوێندن بەجێ ماون.

هەواڵدەریی ''ئیرنا''ی سەر بە ڕێژیم لە زاری ڕزوان حەکیمزادە بڵاوی کردەوە، "ئێمە ئەو منداڵانەی دەگەنە تەمەنی ٦ ساڵ لەگەڵ ئاماری تۆمارکردندا دەگونجێنین، ئەو ژمارەیەش کە لە دەرەوەی سیستمی تۆمارکردندان بە بەجێماو لە خوێندن دەزانین''.

کارناسان لەسەر ئەو باوەڕن ئەو ئامارەی وەزارەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت تەنیا ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە ئەگەری چوونە نێو سیستمی خوێندنیان نییە و لەسەر ئاستێکی گەورەتر وازهێنان لە خوێندن ڕێژەیەکی زۆر زیاتری هەیە.

ئەم گرووپە ئامارەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیس دەهێنێتەوە کە ژمارەی بەجێماوان لە خوێندن لە ئێرانی لە ساڵی ١٤٠٢دا ٩٣٠ هەزار کەس ڕاگەیاندبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خاکەلێوە، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەروەردە لە مەجلیس ڕایگەیاند کە ژمارەی منداڵانی بێبەش لە خوێندن لە ئێران ٩١١ هەزار کەسە کە ٤٠٠ هەزار کەسیان قوتابیی قۆناغی سەرەتایین.

جێگری پەروەردەی سەرەتایی وەزارەتی پەروەردە لە ٢٨ی گەلاوێژ ساڵی ١٤٠٢ باسی لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لەسەر ئاستی سەرەتایی کرد و دوایین ئاماری وازهێنان لە خوێندنی سەرەتایی، ١٦٠ هەزار قوتابی ڕاگەیاند.

پێداچوونەوەیەک بە ئامارە فەرمییەکان دەریدەخات کە لەسەدا ٧٠ی وازهێنان لە خوێندن لە دەهەکەکانی داهاتی یەکەم تا پێنجەمەوەیە.

لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢دا، کارناسێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیس لێدوانێکی پڕ لە نیگەرانیی سەبارەت بە دۆخی منداڵان لە ئێران دا و ڕایگەیاند کە یەک میلیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵ لە لێواری وازهێنان لە خوێندندان و ١٤ میلیۆن منداڵ لەو ماڵانەدا دەژین کە ناتوانن لانیکەم پێداویستییەکانی سەرەتایی خواردن دابین بکەن.

هەڵاوسانی زیاتر لە ٤٠ لەسەدی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە هۆی ئەوەی کە لە نێوان دەهەکەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە پشکی تێچووەکانی خانوو بگاتە ٧٠-٨٠ لەسەد و سەرپەرەستی بنەماڵەکان ناتوانن باقی پێداویستییە سەرەکییەکان دابین بکەن.