کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاهیر مەحموودی: خەڵک لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینادا بە یەکگوتاری و یەکدەنگی ڕێز لەو ڕۆژە و شکۆی شەهیدان بگرن

22:36 - 21 خەرمانان 2724

تاهیر مەحموودی، ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نوێترین بەرنامەی ڕوانگە، تایبەت بە هەڵوێست و لێکدانەوەی ڕێبەرایەتیی حیزب لەسەر پرسە سیاسییەکانی کوردستان، باسی لە ڕاسپاردە و ڕێنوێنییەکان بە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرەبەری شۆڕشی ژینادا کرد.

بەڕێز مەحموودی لەم وتووێژەدا کە ئێوارەی پێنجشەممە ٢٢ی خەرمانان لە کوردکاناڵ بڵاو دەکرێتەوە ڕایگەیاند: ئێمە وەک هێزە سیاسییەکان هەرچەند تاکوو ئێستا بە کۆدەنگییەک نەگەیشتووین بەڵام کۆکین لەسەر ئەوەی کە خەڵک لەو ڕۆژەدا کە دیاری دەکرێ بچنە سەر قەبران یان سەردانی بنەماڵەی شەهیدان بکەن بە یەکگوتاری و یەکدەنگی ڕێز لەو ڕۆژە و شکۆی شەهیدان بگرن."

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: لێرەدا ئەرکێکی دیکەشمان لەسەر شانە، لە پێشدا خەسارناسییەک لە شۆڕشی ژینا لەو دوو ساڵە، لە کار و تێكۆشانی خۆمان و لەو ڕەخنە و گلەیی گازندانەی کە لەلایەن ڕاگەیاندنەکانەوە بەرەوڕووی ئێمە دەبێتەوە.

مەحموودی دواتر ڕایگەیاند کە لە ساڵوەگەڕی ئەم شۆڕشەدا حیزبی دێموکراتیش لە ڕێگەی ناوەندی بەڕێوەبەرییەوە ڕاگەیەندراوی دەبێ و هەڵوێستی سیاسیی و لێکدانەوەی خۆی دەبێت.

تاهیر مەحموودی سەبارەت بە ڕێنوێنییەکانی ناوەندی تەشکیلاتی حیزب ڕایگەیاند: ئێمەش وەک تەشکیلات ئەو ڕێنوێنییانەی کە پێویستە لە ڕێگەی ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی حیزبەوە کە کاری تەشکیلاتی دەکەن، دەگەینین بە ئەندامانی حیزب و ئەوەی کە پێویستە ڕایدەگەینین.

لە بەشێکی دیکەی ئەەم بەرنامەیەدا و لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە بەدەر لە چوارچێوەی حیزبی دێموکرات، خەڵك دەتوانن لە ساڵوەگەڕێ ئەم شۆڕشەدا چی بکەین، وتی: کاتێک دەڵێن بزووتنەوەکە بزووتنەوەیەکی خەڵكی و جەماوەرییە، موڵکی حیزبێک نییە بێگومان خەڵكیش مافی خۆیەتی ئەوەی لە دەستیانن دێ و لە توانایاندایە، ئێبتکاری خۆیان بخەنە گەڕ.

ئێمە هەموو شتێکمان نەبەستووەتەوە بە هێزە سیاسییەکان کە هەموو شتێک لە فیلتەری هێزە سیاسییەکانەوە تێپەڕێت و ئێبتکار لە دەستی خەڵک بێنینە دەرێ.

کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، چالاکانی مەدەنی و خەڵكێک کە لە شۆڕشی ژینادا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانەوە بەشدار بوون، لە ڕاستیدا بە دەیان و سەدان ئێبتکاریان هەبوو، بێگومان بۆ ئەو یادەش نەک بەجێ نامێنن، بگرە ئەوەی کە لە دەستیان دێ دەیکەن و ئێمەش وەک هێزە سیاسییەکان بە بێ گومان پشتیان دەگرین  و لە ڕێگەی ئەندامانی خۆشمانەوە کە بەشێکن لەو کۆمەڵگەیە، ڕاسپاردەی پێویست دەدەین تاکوو لە ڕاستای هەرچی شکۆمەندتربوونی شۆڕشی ژینا هەنگاو هەڵ بگرن.