کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهید شەهریار محەممەدی لە بۆکان دەسبەسەر کرا

10:01 - 22 خەرمانان 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣، دایە مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی لە شەهیدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

میلاد محەممەدی، برای شەهریار لەمبارەوە بە کوردپای ڕاگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەیان و دایکی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی دایە مینا زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

 پێشتر دایە مینا سوڵتانی لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنیی بەردەوامەوە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کەوتبووە ژێر گوشارەوە تاکوو واز لە مافخوازی بێنێت.

دایە مینا یەکێک لە دایکە مافخوازەکانە کە لەگەڵ زۆربەی دایکانی مافخواز لە سەتاسەری ئێراندا، درێژە بە مافخوازی و وڵامدەرکردنی کۆماری ئیسلامی دەدات.

ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، شەهریار محەممەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا و پاش کوژرانی هاوڕێکەی بە ناوی محەممەد حەسەنزادە بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکان لە ٢٥ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە شناسایی کرا و دوای کەوتن. هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ کوشتنی شەهریار لە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا یەکێک لە شەقامەکانی بۆکان لە فەلەکەی عەلی ئاباد هەتا بێهزیستییان بەستبوو و ماشینەکەی شەهریاریان گەمارۆ دابوو و بە چەک و فیشەکی جەنگی تەقەیان لێ کردبوو و ماشینەکەیان کون کون کردبوو.

هێزە سەرکوتکەرەکان پاش تەقەکردن لە شەهریار لە ترسی خەڵک و بەربڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان دەسبەجێ شوێنی ڕووداوەکەیان بەجێ هێشتبوو و شەهریار پاش ٢٠ خولەک بانگی دایکی دەکا و بە ناڵە و هاوار داوای یارمەتی دەکات.

 ئەم هاووڵاتییە ٤٠ خولەک پاش ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی "قولیپوور" و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی بۆ ژیان، شەهید بوو.