کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد بە دانانی بارمتەی ٢ میلیاردی ئازاد کرا

10:04 - 22 خەرمانان 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣، سیامەک هەیاسی، هاووڵاتیی کوردی خەڵكی گوندی "حاجیاوا" سەر بە شاری بۆکان، بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی بۆکانەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا و دواتر پاش تێپەڕبوونی ٥ مانگ لە دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.

سیامەک هەیاسی بۆ ماوەی ١٠٩ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا بووە و بەتوندی ئەشکەنجە دراوە.

ئەم هاووڵاتییە لە هەموو ماوەی دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.

تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە، "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" و "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیم" ڕاگەیەندراوە.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، سیامەک هەیاسییان دەسبەسەر کرد و پاشان دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کرد.

هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر کەلوپەلی کەسیی ناوبراو، لەوانە: لەپتاب، فلەش مێمۆری و مۆبایلەکەیدا گرتووە.