کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆمەتبارکردنی کەسێکی پاکستانی بە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسێکی ئەمریکی لەلایەن ڕێژیمەوە

10:35 - 22 خەرمانان 2724

دادستانی ئەمریکا باسی لەوە کردووە، پیاوێکی پاکستانی کە پەیوەندیی بە کۆماری ئیسلامییەوە هەیە و تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی سپای قودس، بە فەرمی تۆمەتبار کراوە.

وەزارەتی دادی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، گوایە ئاسف ڕەزا مێرچانت تەمەن ٤٦ ساڵ، ویستوویەتی بکوژێک بۆ تێرۆرکردنی سیاسەتمەدارێک یان بەرپرسێکی دەوڵەتی ئەمریکا لە ئەمریکا بەکرێ بگرێت.

پێشتریش بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندبوو کە ئەم پیاوە پاکستانییە جگە لەوەی لە پاکستان ژن و منداڵی هەیە، لە ئێرانیش ژن و منداڵی هەیە. دیار نییە کۆماری ئیسلامی چۆن ئەم هاووڵاتییە پاکستانییەی بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکەی بەکرێ گرتووە.

بریۆن پێس، دادستانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە:" مێرچانت پیلانی تێرۆرکردنی سیاسەتمەداران و بەرپرسانی ئەمریکای داڕشتووە. تۆمەتبارکردنی ئەمڕۆ پەیامێک بۆ تێرۆریستان لێرە و دەرەوەی وڵات دەنێرێت".

بەرپرسێکی ''ئێف بی ئای'' وتی ئەو بکوژانەی کە گوایە مێرچانت هەوڵی بەکرێگرتنی داون لە ڕاستیدا مەئموورانی نهێنیی ''ئێف بی ئای'' بوون.

ئاسف ڕەزا مێرچانت لە ٢٢ی پووشپەڕدا و لەکاتی چوونەوەدەرەوە لە ئەمریکا دەسبەسەر کرا.

نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند کە "تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەم بابەتە لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە پێ نەگەیشتووە".

لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٢، ئەمریکا ئەندامێکی سپای پاسدارانی بە پیلانگێڕی بۆ تێرۆرکردنی جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئەمنییەتی میللیی ئەمریکا، تۆمەتبار کرد.

لەو پێوەندییەدا چاک گرێسلی، سیناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا، بەڵگەنامەکانی ''ئێف بی ئای''ی بڵاو کردووەتەوە، کە دەریدەخات ئەو کەسانەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانیان لێ دەکات، هەوڵیان داوە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسیی دیاری ئەمریکا لە پەیوەندی لەگەڵ کوشتنی قاسم سلێمانی تێرۆر بکەن.