کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی لێبوردنی نێونەتەوەی سەبارەت بە پارێزراوبوونی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە تاوانەکانی بزووتنەوەی ژینادا

10:43 - 22 خەرمانان 2724

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی دوویەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسی لە پارێزراویی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە گەیشتن بە سزای خۆیان تاکوو ئێستا کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان لەلایەن ئەم ڕێکخراوەیەوە بڵاو کراوەتەوە، هیچ لێکۆڵینەوەیەکی تاوانبارانەی کاریگەر، بێلایەن و سەربەخۆ تاکوو ئێستا سەبارەت بە تاوانەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، پاش بزووتنەوەی ژینا ئەنجام نەدراوە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینادا بە شێوەی بەربڵاو لە چەکی گەرم و فیشەکی جەنگی کەڵکیان وەرگرتووە کە بووەتە هۆی کوژرانی زۆرێک لە منداڵان و برینگەلێکی قورس و هەمیشەیی بۆ کەسانێکی زیاتری دیکە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە باس لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بێدەنگکردنی بنەماڵەی قوربانییان کراوە و هاتووە کە بەرپرسانی ئێران هەوڵیان داوە تا لە ڕێگەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بەربڵاو، بەدواداچوونی نادادپەروەرانە، هەڕەشەی کوشتن و ئازار و ئەشکەنجەی بەردەوام بنەماڵەی مافخوازی قوربانییان بێدەنگ بکەن.

لەم پێوەندییەدا چاوەدێری مافی مرۆڤ ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانان لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری دا کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، بنەماڵەی دەیان کەس لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی دوو ساڵی ڕابردوو و لەسێدارەدراوانی بە تۆمەتگەلێکی بێبنەما و درۆ دەسبەسەر کردووە یان هەڕەشەی توندیان لێ کراوە و ئازار و ئەشکەنجە دراون.

هەروەها بەیاننامەکە زیادی کردووە کە پاش دوو ساڵ لە بزووتنەوەی ژینا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هێرشەکانییان بۆ سەر مافی مرۆڤ زیاتر کردووە و بە سەرکوتی زیاتری ژنانێک کە ناچنە ژێر باری حیجابی زۆرەملێوە، شەڕێکیان بە دژی کچان و ژنان دەست پێ کردووە.

لە کۆتایی بەیاننامەکە بە ئاماژەدان بە کەڵکوەرگرتن لە سێدارە بۆ کپکردنی دەنگی ناڕازییان لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە باس لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لەم دوو ساڵەدا بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی لە ڕێگەی کەمپەینە پڕۆپاگانداییەکانی بۆ بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان کردووە.