کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆژە تەواونەکراوەکانی پارێزگای لۆڕستان چەندین ساڵە بە نێوەچڵی بەجێ ماون

11:42 - 12 خەرمانان 2724

لە شاری کۆیەشت، لە پارێزگای لوڕستان زیاتر لە ٢ هەزار پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی تەواونەکراو هەیە و ئەم پڕۆژانە لە ساڵی ١٣٩٨دا بۆ تەواوکردنیان پێویستیان بە نزیکەی ٤٠ یان ٥٠ میلیارد تمەن بوودجە بووە.

یەکێک لە پرۆژە تەواونەکراوەکان پرۆژەی بەنداوی ''مەعشورە''یە کە لە سەردەمی سەرۆککۆماریی مەحموود ئەحمەدی نژاد، لە خەرمانانی ١٣٩٢ قولینگی دەستپێکی لێ درا و لەو کاتەوە هەتا ئێستا ماوەتەوە.

پڕۆژەی نەخۆشخانەی ٢٥٠ تەختیی ڕازی کۆیەشت، یەکێک لەو پڕۆژانەی دیکەیە کە لە سەردانەکەی سەرۆککۆماری پێشوو بۆ لوڕستان پەسەند کراوە، کە لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٦ لەسەر زەوییەکی ٢٠٥ هەزار میتری قولینگی لێ درا، بەڵام دوای دوو مانگ، زەویی ئەم پڕۆژەیە کرا بە زەوی کشتوکاڵی.

تەواوکردنی جاددەی چوار هێڵی یەکێک لە پەسەندکراوەکانی تری سەفەری سەرۆککۆماری پێشوو بۆ لوڕستانە، کە ١٥٠ میلیارد تمەن بۆ دروستکردن و تەواوکردنی ئەو ڕێگایانە تەرخان کراوە. بەڵام ئەو پرۆژەیەش وەک پرۆژەکانی تر بە نێوچڵی بەجێ ماوە.

پارێزگای لوڕستان بە ١١.٣ لەسەد ڕێژەی بێکاری لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢ سێهەمین پارێزگا لە ئێران بوو. لە حاڵێکدا پڕۆژە نیوە تەواوبووەکان ١٠٠ هەزار هەلی کاریان لە لوڕستان دەڕەخساند.