کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڵگەیەکی نهێنیی حەماس باس لە دۆخی سەخت و قەیراناویی نێو ئەو گرووپە دەکات

11:28 - 22 خەرمانان 2724

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان بەڵگەنامەیەکی بڵاو کردەوە و تیایدا دەرکەوتووە کە ڕافع سەلامە فەرماندەی کوژراوی تیپی خان یوونس لە نامەیەکدا بۆ یەحیا سەنوار سەرکردەی حەماس سەبارەت بە بارودۆخی سەخت و قەیراناویی ئەم گرووپە نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە .

لەم نامەیەدا، کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلەوە وەرگێڕدراوە و بڵاو کراوەتەوە، ڕافع سەلامە ڕوو بە  یەحیا سەنوار و محەممەد سەنواری برای نووسیویەتی: "بەشێکی کەم لە چەک و کەرەستەی خۆمان هێشتووەتەوە، و تا ئێستا ٩٠ هەتا ٩٥ لەسەدی توانای مووشەکی، نزیکەی ٦٠ لەسەدی چەکی تاکەکەسیمان و لانیکەم ٦٥ هەتا ٧٠ لەسەدی مووشەکهەڵگر و دژەتانکەکانمان لەدەست داوە."

فەرماندەی پێشووی تیپی خان یوونس لە نامەکەیدا درێژەی بە قسەکانی دا و دەڵێت: ''لە هەمووی گرینگتر، لانیکەم ٥٠ لەسەدی هێزەکانمان لەدەست داوە، ئێستاش تەنیا ٢٥ لەسەدی هێزەکانمان ماونەتەوە کە لە دۆخێکی خراپی باری دەروونی و جەستەیدان.

سەبارەت بەم نامەیە و بەیاننامەی کێشەکانی حەماس لەلایەن یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی ئەم گرووپەوە، یۆئاڤ گالانت ڕایگەیاند کە ئەم بەڵگەنامەیە کێشە ڕاستەقینەکانی حەماس و فەرماندە باڵاکانی نیشان دەدات. ئێمە لە عەمەلیاتەکانمان بەردەوام دەبین و وردەوردە دەگەینە هەموو فەرماندە باڵاکانی حەماس لەوانە برایانی سەنواریش.

ڕافع سەلامە کە یەکێک لە فەرماندەکانی هێرشەکەی ١٥ی ڕەزبەر بوو، لە مانگی پووشپەڕی ڕابردوودا لەگەڵ محەممەد زەیف، یەکێژ لە فەرماندە باڵاکانی دیکەی حەماس لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا لە باشووری غەززە کوژرا.

یەحیا سەنوار، سەرکردەی ئێستای حەماس بە داڕێژەری هێرشەکەی ١٥ی ڕەزبەر ناسراوە، هێرشێک کە تێیدا هەزاران هێزی حەماس لە کەرتی غەززەوە دزەیان کردە ناو باشووری ئیسرائیل و بەهۆیەوە نزیکەی هەزار و ٢٠٠ کەس کوژران و ٢٥٠ کەسیشیان بە بارمتە گرت.