کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ یەکەمجار سەرۆککۆمارێکی ڕێژیم سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد

12:02 - 22 خەرمانان 2724

مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیم لە دووهەمین ڕۆژی سەردانەکەی بۆ عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنی کرد.

سەرۆککۆماری تازە دەستنیشانکراوی ڕێژیم لە یەکەمین سەردانی خۆیدا بۆ وڵاتانی دەرەوە، پاش چاوپێکەوتنی لەگەڵ عەبدول لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، سەردانی هەولێری کرد.

ئەمە یەکەمجارە کە سەرۆککۆمارێکی ڕێژیم سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

هەواڵدەریی "ئیسنا"ی سەر بە ڕێژیم سەبارەت بە سەردانەکەی پزشکییان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ناوبراو لەگەڵ سەرکردەی حیزب و لایەنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دانیشتنی دەبێت.

ئیسنا باسی لە واژۆکردنی کۆمەڵێک ڕێکەوتننامە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و عێراق لەم سەردانەی پزشکییاندا کردووە.

بەپێی زانیارییەکان ١٤ بەڵگەنامەی هاوکاری لە نێوان پزشکییان و سوودانی واژۆ کراوە.

سەرۆککۆماری ڕێژیم پێش ڕۆیشتنی بۆ هەولێر سەردانێکی پارێزگای بەسرەی کردووە.

پارێزگای بەسرە لە ساڵانی ڕابردوودا چەند جارێک بووەتە شوێنی بەربەرەکانێ و تێکهەڵچوونی میلیشیاکانی ڕێژیم و دژبەرانی دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتەکانی عێراقدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی ڕێژیم سەردانەکەی پزشکییان بۆ عێراق ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت و ئامانجەکانی پەرەدان بە پێوەندییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەتییەکان دەبێت.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ وەزیرانی ئابووری و ڕێگاوبان و هەروەها جێگری سیاسیی نووسینگەی سەرۆککۆماری و بەرپرسی گشتیی بانکی ناوەندی، شاندەکەی مەسعوود پزشکییانیان لەم سەردانەدا پێک هێناوە.