کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوشکی نیکا شاکەرەمی: ڕادەی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی زۆر لەوە فراوانترە کە تا ئێستا ئاشکرا بووە

22:10 - 22 خەرمانان 2724

ئایدا شاکەرەمی، خوشکی نیکا شاکەرەمی کە ماوەیەکە لە دەرەوەی ئێرانە، لە زنجیرە تویتێکدا نووسیویەتی: ''ڕەهەندەکانی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١دا زۆر لەوە فراوانترە کە تا ئێستا ئاشکرا بووە ."

لە بەرەبەری ٢٥ی خەرمانان ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی گەشتی ئێرشادی ڕێژیمی ئێران و دەسپێکی خۆپیشاندانی سەرتاسەریی خەڵکی ئێران، خوشکی نیکا شاکەرەمی ئاشکرای کرد کە لە کاتی ناسینەوەی تەرمی نیکا لە پزیشکی دادوەریدا، شایەتحاڵی دۆسییەی زۆرێک لە کچانی لاو بوو کە کوژرابوون.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە ژمارەی زۆری ئەوانەی کوژراون کە هاوکات لەگەڵ کوشتنی نیکا، دۆسییەی خوشکەکەی تەنیا بە یەکێک لە لانیکەم سەد حاڵەتی هاوشێوە لەو ناوچەیەی تاران زانی و جەختی لەوە کردەوە کە زۆرێک لەمانە هەرگیز نەناسێندران و بنەماڵەکانیان لە چارەنووسیان ئاگادار نین.

هەروەها خوشکی نیکا شاکەرەمی، کۆماری ئیسلامیی بە وێرانکردنی ژیانی بێ ئەژماری بنەماڵەکان و ناچارکردنیان بە بێدەنگی تۆمەتبار کرد و ئاماژەی بەوە دا: "دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دۆسییەیەکیان لە دژی ئەو ڕزگاربووانە تۆمار کردووە کە داوای مافخوازییان کردووە".

ناوبراو لە کۆتاییدا هۆشداری دا کە ئەو خوێنانەی کە ڕژاون و ئەو ژیانانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەنێو چووە، ڕۆژێک ئەم ڕێژیمە نوقم دەکات.

نیکا شاکەرەمی، لەدایکبووی ١٠ی ڕەزبەری ١٣٨٤، ڕۆژی  ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ پاش بەشداریی چالاکانە لە شۆڕشی ژینا لەلایەن چەند مەئمووری سپای پاسدارانەوە ڕفێندرا و دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر و ئەشکەنجە درا و دواجار کوژرا.