کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر چۆنییەتی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی لەلایەن ڕێژیمەوە

11:52 - 12 خەرمانان 2724

ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەرمانان پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ، دوایین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێرەکەی ڕەئیسی بڵاو کردووەتەوە کە دۆخی خراپ و پێچراوەی کەشوهەوای بە هۆکاری ڕووداوەکە زانیوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دروستبوونی کتوپڕی کۆمەڵێک تەمومژی ئەستوور بووەتە هۆکاری ئەوەی کە هێلیکۆپتێرەکە بدات لە شاخێک و بکەوێتە خوارەوە.

ئەم ستادە لە ڕاپۆرتەکەیدا هەرچەشنە تێکدانی بەئەنقەست و تێکچوونی سیستەم و لەکارکەوتنی ماتۆڕی هێلیکۆپتێرەکەی ڕەت کردووەتەوە و تەنیا دۆخی خراپی کەشوهەوای بە هۆکار زانیوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەگەری دەستێوەردان و تێکدانی بەئەنقەست یان هێرشێک لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر هێلیکۆپتێرەکەی سەرۆککۆماری پێشووی ڕێژیم لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە پێشتر ئاماژەی پێ کرابوو.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی "جمهووری ئیسلامی" ڕێکەوتی ٣ی جۆزەردان بە ئاماژەدان بەوەی کە کەرەستە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لە نزیک سنوورەکانی ئێران و ئازەربایجاندا بوونیان هەیە، سێناریۆی دەستێدابوونی ئیسرائیلی لەم ڕووداوەدا بە ڕێتێچوو زانی.

لە نوێترین نموونەی دیکەشدا هەواڵدەریی "فارس"ی سەر بە سپای پاسداران ٢ حەفتە لەمەوبەر لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ڕەچاونەکردنی دوو پڕۆتۆکۆلی پێویست بۆ ئەمنییەتی ئیبراهیم ڕەئیسی کردبوو.

فارس نووسیبووی کە ڕاپۆرتەکانی کەشوهەوا بە تیمی فڕێنی سەرۆککۆمارییان ڕاگەیاندبوو کە دەبێت بەر لە ساعەتی ١ی پاش نیوەڕۆ ڕێ بکەون بەڵام وەدرەنگ کەوتوون و هەروەها زیادیشی کردبوو کە هەبوونی ٢ کەس زیاتر لە پڕۆتۆکۆلە ئەمنییەتییەکانی فڕێن لە نێو هێلیکۆپتێرەکە، کێشەکەی قورس کردووە و کاردانەوەی فڕۆکەوانەکەی لە کاتی بەرەوڕووبوونەوەی لەگەڵ دۆخی خراپی کەشوهەوا خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە.