بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان و لە ترسی مانگرتنەکەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆی جێگیر کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ناوەندی هەواڵ گەیشتوون، لە مەهەباد شەقام و کۆڵانەکان بە گاردی تایبەت تەنراون و هێزێکی زۆری دژە شۆڕش بۆ مەهاباد نێردراوە، هەروەها له پیرانشاریش دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە لە خاڵی پشکنینەکان هێزی زیاتر لە ٢٠ کەسییان بە مەبەستی ترساندنی خەڵکی کوردستان جێگیر کردووە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی بەربڵاو باس لە مانگرتنێکی سەرتاسەری لە کوردستان لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان و لە دووهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینادا کرا، هەر بۆم بۆنەوە ڕێژیم هەموو دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی خۆی وەگەڕ خستووە تاکوو بە هەڕەشە لە خەڵک و زۆرکردنەوەی گوشارەکان پێش بەم مانگرتنە سەرتاسەرییە بگرن.
لە خەرمانانی ١٤٠١دا و چەند ڕۆژ دوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی رێژیم لە کوردستان، بە دەرکردنی راگەیەندراوێکی هاوبەش داوای مانگرتنێکی گشتییان لە خەڵکی کوردستان کرد و ئەم مانگرتنە وەک ئەکتێکی مەدەنییایە بە باشترین شێوە بەڕێوە چوو.
ترسی ڕێژیم لە دووبارەبوونەوەی ئەم کردارە گشتییە وای کردووە کە لە چەند ڕۆژ پێشترەوە ڕێژیم بە کۆکردنەوەی هێز و جێگیرکردنی لە کوردستان لە هەوڵدا بێت پێش بە مانگرتنەکەی ٢٥ی خەرمانان بگرێت.