کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارەکان بۆ سەر دووکانداران و بازاڕییان لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنەکەی ٢٥ی خەرماناندا

09:57 - 24 خەرمانان 2724

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوەکان بۆ بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان و لە دووهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا لە کوردستان، گوشارەکان لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بۆ سەر بازاڕییان، دووکانداران و سێنفە جیاوازەکان زۆرتر بووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،  ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان، گوشاری خستووەتە سەر ژووری ئەسناف کە دەبێ هەموو هەوڵێک بدەن، مانگرتن بەڕێوە نەچێ و بۆ ئەم مەبەستە ناچاریان کردوون کە بەڵێنامەیەک واژۆ بکەن و لە بەرامبەر هەرچەشنە مانگرتنێکدا بەرپرسیارێتی وەئەستۆ بگرن.

بەپێی زانیارییەکان ئەندامانی ژووری ئەسناف ئەو بەڵێنامەیان واژۆ نەکردووە.

هەر لە درێژەی گوشارەکاندا، ئەو دووکاندارانەی کە لەنێو باقی دووکاندار و بازاڕییاندا پێگەیان هەیە، بانگی ئیتلاعات کراون کە ڕۆژی مانگرتن پێویستە دووکانیان زووتر لە ڕۆژانی ئاسایی کراوە بیت.

ڕێژیم لەبەرەبەری دووهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژیندا، بە بانگکردن و هەروەها دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان و بەتایبەت ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدانی ئەم شۆڕشە لە هەوڵدایە پێش بە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵک بگرێت.