کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوارڕێیانێک لە لۆس ئانجلێس بەناوی ''ژن، ژیان، ئازادی'' ناودێر دەکرێت

10:21 - 24 خەرمانان 2724

شۆرای شاری لۆس ئەنجلێس ڕۆژی سێشەممە دەنگی بە ناودێرکردنی چوارڕێیانێک بە یادی ژینا ئەمینی دا کە دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن گەشتی ئیێرشادی ڕێژیمی ئێران کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتێک لە ماڵپەڕی شۆرای شارەداریی لۆس ئانجلێس، چوارڕێیانی وێستوود لو شەقامی ڕۆچێستێر، بە یادی ژینا ئەمینی ناوی بۆ "ژن، ژیان، ئازادی" دەگۆڕێت.

ئامارێک کە زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئانجلێس ئامادەی کردووە دەریدەخات کە ئەم شارە شوێنی کۆمەڵگەیەکی گەورەی ئێرانی- ئەمریکاییە،  لە ٤٠٠ هەزار بۆ ٦٢٠ هەزار هاووڵاتیی ئێرانی- ئەمریکی نزیکەی ١٣٨ هەزار کەسیان لە شاری لۆس ئانجلێس دەژین، کە دووهەم شاری پڕ حەشیمەتی ئەمریکایە.

دوای دەسپێکی شۆڕشی ژینا، لە زۆرێک لە وڵاتان وەکوو فەرانسە، کانادا و بێلژیک ڕاگەیەندرا کە چەندین شوێن و شەقام بە ناوی ژینا ئەمینی ناودێر کراوە.

خەرمانانی دوو ساڵی ڕابردوو، دوای دەسبەسەرکردن و کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئێرشادەوە، ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ئێران دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەری هەڵدا و بۆ ماوی چەند مانگ خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ئێرانییانی دەرەوەی وڵات بە ئەنجامدانی چەندین چالاکیی ناڕەزایەتی دژ بە کۆماری ئیسلامی، خوازیاری ئازادکردنی هەموو زیندانییانی سیاسی بوون و پشتیوانییان لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران کردووە.