کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە چڕبوونەوەی سەرکوتی ژنان لە ئێران

10:32 - 24 خەرمانان 2724

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرەبەری ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئێرشادی کۆماری ئیسلامییەوە، لە بەیاننامەیەکدا باسی لە چڕبوونەوەی هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ سەرکوتی بنەڕەتیی ژنان و کچان لە ئێران کردووە.

ئەم ڕێکخراوە ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەرمانان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، سەرەڕای کەمبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم هەر وەک ڕابردوو لە توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان و کچان کەڵک وەردەگرن.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە دوو ساڵ پاش دەسپێکی بزووتنەوەی ژینا، دەسەڵات هێشتا لە بێدەنگکردن و سەرکوتی بنەماڵە مافخوازەکان کە خوازیاری وڵامدەرکردنی ڕێژیم لەهەمبەر پێشێلکردنی مافی ئازیزانیانن، بەردەوامە.

بەم پێیە ئەم ڕێکخراوە لە بەیاننامەکەیدا داوا لە دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی دەکات کە بە زووترین کات بنەماڵەی قوربانییان کە بە شێوەی نایاسای دەسبەسەر کراون ئازاد بکات و لە دادگایەکی دادپەروەرانە و ڕەوتێکی دادوەریی ڕووندا هەر کەس کە تۆمەتبار کراوە، دادگایی بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا بە ئاماژەدان بە نموونە تازەکانی حوکمی لەسێدارەدان بۆ ژنان وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەم دۆخە هاتووە: لە دوو ساڵی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدان بووتە ئامرازێک بۆ تۆقاندن و ڕێگریکردن لە کەسانێک کە دەیانهەوێت ناڕەزایەتی و بیروڕای خۆیان دەرببڕن.

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە کۆتاییدا وێڕای ئاماژەدان بە وڵامدەرنەبوونی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر تاوانەکانی هێناویەتی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بە توندترین شێوەی خۆی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەردەوامە و داوای لە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە تاکوو هەوڵەکانیان بۆ وەدیهێنانی مافی قوربانییان و بنەماڵەکانیان و گەیشتن بە دادپەروەری و قەرەبووی خەسارەکانیان زیاتر بکەن.

 

 

سبەی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان دووهەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی لەلایەن مەئموورانی گەشتی ئێرشادی ڕێژیم و دەسپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت کرا و سەرکوتەکانی تاکوو ئێستاش بەردەوامە.