کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١١٠ هەزار قوتابیی پۆلی یەکەم بەهۆی گرانیی تێچووی خوێندن وازیان لە خوێندن هێناوە

11:18 - 24 خەرمانان 2724

ڕۆژنامەی "دنیای ئێقتساد" لە ژمارەی ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەرماناندا، بڵاوی کردووەتەوە نرخی کتێبی خوێندنی سەرەتایی بە بەراورد لەگەڵ نرخی ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٥٠ لەسەد بەرز بوونەتەوە.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، نرخی کەلوپەلی خوێندن و نووسین لانیکەم ٢٠ لەسەد بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو بەرز بووەتەوە و خێزانێکی چینی ناوەند و کارمەندێک دەبێت لانیکەم بۆ دابینکردنی کەمترین پێداویستیی خوێندن بە بێ جانتا و پێڵاو و یۆنیفۆرمێ تایبەت بە قوتابخانەکان ٣ میلیۆن تمەن خەرج بکەن.

هەروەها ئەو ڕۆژنامەیە بڵاوی کردووەتەوە کە پێشبینییەکان بۆ ناونووسینی قوتابییان لە پۆلی یەکەم نزیکەی ١ میلیۆن و ٤٩٥ هەزار کەسە، و لە ئەمساڵدا نزیکەی ١١٠ هەزار کەس لە ژمارەی قوتابییانی پۆلی یەکەم بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کەم بوونەتەوە، کە بەرزبوونەوەی تێچوونەکانی خوێندن ڕێگری لە ناونووسینی ئەو منداڵانە دەکات.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی دنیای ئێقتساد لە زاری موحسین گوڵستانی، بەرپرسی سەندیکای فرۆشیارانی کەلوپەلی خوێندن و نووسین لەبارەی نرخەکان ڕایگەیاند کە توانای کڕینی خەڵک دابەزیوە و خەڵک لەبری ئەوەی هەموو ئەو پێداویستیاینە بکڕن کە پێویستییانە، ناچارن بەپێی داهاتیان پێداویستییەکان کۆنترۆل بکەن و کەم کەم بە درێژایی ساڵ بیکڕن تاکوو بە شێوەی یەکجێ.

شایانی باسە ئاماری وازهێنان لە خوێندن لە ئێراندا جیاوازن؛ پێشتر جێگری پەروەردەی بنەڕەتیی وەزارەتی پەروەردەی ئێران لە ١٨ی خەرماناندا ڕایگەیاندبوو، لە قۆناغی سەرەتایی ساڵی خوێندنی ١٤٠٢-١٤٠٣، نزیکەی ٢١٦ هەزار و ٢٤٣ منداڵ هەبوون کە وازیان لە خوێندن هێنابوو، لەو ژمارەیەش تەنیا ٣١ هەزار و ۵۱۸ منداڵیان گەڕاونەتەوە بۆ قوتابخانە.

لەلایەکی دیکەوە جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەروەردە لە مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە خوێندن بێبەشبوون ٩١١ هەزار کەسە کە تەنیا ٤٠٠ هەزار خوێندکار لە قۆناغی سەرەتایی وازیان لە خوێندن هێناوە.

 

زۆربوونی وازهێنان لە خوێندن و نەچوونە ناو سیستەمی خوێندن لە پۆلی یەکەمدا بەهۆی کێشەی دارایی و هەژارییەوە، دۆخێکی مەترسیدارە بۆ داهاتوو و نەوەی نوێ پێکدێنێت و ئەو دۆخە هەتا دێت لە ژێر سێبەری ڕێژیمی ئێراندا خرابتر و فراوانتر دەبێت.