کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕکردنەوەی دۆخی ئەمنیی کوردستان لە بەرەبەری ساڵیادی بزووتنەوەی ژینادا

11:19 - 24 خەرمانان 2724

لە بەرەبەری دووهەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی سەرتاسەری ژینا، کەسێکی توندی ئەمنی لە شاری سەقز، زێدی شەهید ژینا ئەمینی و بەشێک لە شارەکانی دیکەی کوردستان زاڵ بووە.

لە سەروبەندی دووهەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سەرکوتکەری ڕێژیم لە شاری سەقز جێگیر کراون و ئینتێرنێت لە شاری سنە و سەقز  تێک چووە.

هەروەها، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خەرمانان، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سەرکوتکەری ڕێژیم لە ڕێگای بوکانەوە چوونە نێو شاری سەقز.

هێزەکانی ڕێژیم لە دەروازەی شاری سەقز و چەند گەڕەکێکی شاری سنە خاڵی پشکنینیان داناوە و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری ئەو شارەدا جموجوڵ هەیە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەرمانان، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ڕێژیم لە ورمێوە بە ماشینی نیزامییەوە چوونەتە نێو شاری مەهاباد.

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکان، دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم لە سەقز، بوکان، مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردن، چەندین کامێرای چاودێرییان لە شوێنە جیاجیاکان و بە تایبەت لە شوێنی ناڕەزایەتییەکانی پێشوودا داناوە.

جێگەی ئاماژەیە کە سەرەڕای بارودۆخی ئەمنییەتی زاڵ بەسەر سەقز،  موژگان ئێفتخاری و ئەمجەد ئەمینی دایک و باوکی شەهید ژینا ئەمینی لە پەیامێکی هاوبەشدا لە پەیجی تایبەتی خۆیان لە ئینستاگرام نووسیویانە: "ئێمە بنەماڵەی ژینا، وەک هەر بنەماڵەیەکی خەمبار لە ساڵیادی شەهیدبوونی ڕۆڵە خۆشەویستەکەمان ژینا ئەمینیی عەزیز کۆ دەبینەوە و ڕێوڕەسمی نەریتی و ئایینی ساڵوەگەڕەکە دەکەینەوە.